لە هەولێر پیاوان کۆتر بە دیاری بۆ هاوژینەکانیان دەکڕن
میدیازان – عەلی زەیتۆ – هەولێر
رۆژانە بازاڕی باڵندەکانی شاری هەولێر جمەی دێت لە سەردانکەران کە هەندێکیان بۆ کڕین و فرۆشتن و هەندێکی دیکەیان تەنیا بۆ تەماشاکردن دەچن.
کامێرای میدیازان چووەتە ناو بازاڕەکە، هەندێک لە فرۆشیارەکان باس لەوەدەکەن، کە بەشێک لە پیاوان کۆتری جوان دەکڕن و بە دیاری بۆ هاوژینەکانیان دەبەنەوە.
محەمەد زاهیر، یەکێکە لە فرۆشیارانی باڵندە لە بازاڕی هەولێر، ئەو بەمیدیازانی وت، چەندینجار پیاوان هاتوون کۆتری دەگمەن و سەرنجڕاکێشیان کڕیوە “بە دیاری بۆ ژنەکانیان”.
لە کۆترەکاندا، زیاتر جۆرەکانی تار، فاو و عەمبەر رەواجیان هەیە و دەفرۆشرێن.
لەو بازاڕەدا، کڕیارەکان بە گشتی لە پیاوانن، هەروەها ئێستا کڕیارەکان دەیان کۆتر دەکڕن تەنها بە مەبەستی بەخێوکردن، نەک فرۆشتنەوەیان.
سابیر عەبدوڵا یەکێکی دیکەیە لە فرۆشیارەکانی باڵندە، بۆ میدیازانی باسکردووە، “بازاڕەكە بە بەراورد بە رابردوو زیاتر بەناوبانگە، خەڵكی لەم سەردەمەدا دێن بۆ كڕینی باڵندەی دەگمەن یان ئەوانەی رەنگی گەش و جوانیان هەیە، بە ئامانجی ئەوەی لە ماڵەوە بیانهێڵێتەوە و تەنها بۆ خۆشیی خۆی بەخێویان بکات”.
دڵشاد فەخرەدین، کڕیارێکی باڵندە بوو لەوکاتەی میدیازان ئەم بابەتەی ئامادەکرد، ئەو ئاماژەی بەوەکرد، کە زۆر دێتە ئەو بازاڕە و حەزی بە بەخێوکردنی باڵندەیە، ئەو وتوویەتی، زیاتر لە 100 جۆر باڵندەی جیاجیای هەن و لە مەڵەکەیدا بەخێویان دەکات.
زۆرترین ئەو باڵندانەی خواستی کڕینیان لەسەرە، بریتین لە کۆکتێل، کەناری، فندەس و بولبول.
میدیازان پرسیاری کرد لەبارەی نرخی باڵندەکان، فرۆشیارەکان ئاشکرایان کردبوو، کە نرخی باڵندە لە پێنج هەزار دینار دەستپێدەکات و دەگاتە 800 هەزار دیناریش .