قایمقامیەتی قەزای دەربەندیخان- وێنە: 964+
کەی؟
بەربەست بۆ بارهەڵگرەکانی دەربەندیخان دادەنرێت
964+
بەهرە محەمەدئەمین
بەهۆی بەردەوامی دروستبوونی گرفت لە رێگای دەربەندیخان بۆ زەرایەن بەهۆی بارهەڵگرەکانەوە، قایمقامی دەربەندیخان بەربەستێک لە رێگاکە دروست دەکات.
بارهەڵگرەکان ناوە ناوە بە رژاندنی سووتەمەنی لەو رێگایەدا، چەندین کاتژمێر رێگاکە پەک دەخەن و کێشە بۆ شۆفێران و هاتوچۆی دەربەندیخانیش دەنێنەوە.
شەوی رابردوو، بە هۆی رژاندنی نەوت لەو رێگایە، تیمەکانی هاتوچۆی دەربەندیخان تا کاتژمێر 3:00ی بەرەبەیان کاریان کردووە و رێگاکەش بۆ ماوەی شەش کاتژمێر ئاستەنگی هاتوچۆی هەبووە.
دیسان لە رێگای دەربەندیخان نەوت رژا
964 دەزانێت، قایمقامییەتی دەربەندیخان پێشتر نووسراویان داوەتە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و وەزارەتی ناوخۆ، بۆ چارەسەری گرفتی بارهەڵگرەکان و دۆزینەوەی رێگای بەدیل لە سنوورەکەدا، بەڵام تا ئێستا وەڵام نەدراونەتەوە.
سلێمان محەمەد، قایمقامی دەربەندیخان بە 964ـی وت، “لە هەفتەی داهاتووەوە بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆ و شارەوانیی دەربەندیخان رادەسپێرین تا لە زووترین کاتدا بە دیزاینێکی گونجاو بەربەستەکە لە دەروازەی داخل بوونی کەلار بۆ دەربەندیخان دابنێن”.
وتیشی، ” بەربەستەکە داخلبوونی بارهەڵگر بۆ دوورگەی شەقامی ناوبازاڕی دەربەندیخان و زیانگەیاندن بە سەوزایی و ژینگە، قەدەغە دەکات”.
پێشتریش قایمقامیەتی دەربەندیخان داوایان لە هاتوچۆی دەربەندیخان کردووە بۆ چارەسەری ئەم کێشەیە، بەردەوام و بەتایبەت شەوان ئێشکگر بۆ رێگری لە بارهەڵگرەکان، لە رێگاکەدا دابنێن، بەڵام بەهۆی نەبوونی میلاکی پێویستەوە نەکراوە.