گۆڕەتوو خەمی کەمئاوی نامێنێت

+964

ئاکام غەفور-سۆران

کێشەی کەمئاوی چەند کۆڵانێکی ناحیەی گۆڕەتوو لە مێرگەسۆر چارەسەر کرا، بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سۆرانیش دەڵێت، هەر گەڕەک و گوندێکی دیکەش گرفتیان هەبێت چارەسەری دەکەین.

بە هۆی فراوانبوونییەوە لە چەند گەڕەکێکی ناحیەی گۆڕەتوو کێشەی کەمئاوی دروست بووە، کە بە گۆڕینی بۆری ئاو، کێشەی بەشێک لە ماڵەکانی گەڕەکەکە چارەسەر کرا.

لەم قۆناغەدا بە دانانی بۆرییەکی ئەستوورتر و بە کوالێتی بۆ چەند کۆڵانێکی گەڕەکەکە، نزیکەی 65 ماڵ کێشەکەیان چارەسەر کراوە.

تەحسین سەعدوڵا، بەڕێوەبەری ئاوی سۆران، بە 964ـی وت، “بەهۆی کۆنی بۆرییەکە و زیادبوونی ماڵەکان، ئەو گەڕەکانە گرفتی کەمی ئاویان هەبوو بە تایبەت لەگەڵ هاتنی وەرزی هاوین، بۆیە بۆرییەکانمان گۆڕین”.

وتیشی، “هەر کۆڵانێکی دیکە لە ناحیەی گۆڕەتوو کێشەی کۆنی بۆری ئاوی هەبێت دەیگۆڕین، ئەو گوندانەش کە لە سنووری ناحیەکە گرفتی ئاویان هەیە چارەسەر دەکرێن”.

بە پێی زانیارییەکانی 964، سەرچاوەی ئاوی ماڵەکانی ناحیەی گۆڕەتوو، کانییە کۆنەکەی ناحیەکەیە، ئێستاش هەر لە هەمان شوێن ئاو گەیەنراوەتە ماڵەکان .

ناحیەی گۆڕەتوو سەر بە قەزای مێرگەسۆرە لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، خاوەنی 54 گوندە، ژمارەی دانیشتووانی دەگاتە نزیکەی 11 هەزار کەس.

پێداچوونەوە: بەهرە محەمەدئەمین

گوندی گیسکێی بارزان کێشەی ئاویان هەیە

گوندی گیسکێی بارزان کێشەی ئاویان هەیە