هەر رێگایە و قیر دەکرێت

لە سۆران رێگاوبان حەشر دەکات

964+

بەهرە محەمەدئەمین

لە دوێنێوە دەست بە قیرتاوکردنی کۆتا بەشی جوتسایدی دێلێزیان لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کراوە، لەگەڵیشیدا پێنج پڕۆژەی دیکەی رێگاوبان، لە ئیدارەکە دەستیان بەکار کردووە.

بە پێی راگەیەندراوی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران،لە دوا قۆناغی پڕۆژەی جوتسایدی دێلێزیاندا، لەبەردەم کەمپی زانکۆی سۆرانەوە تا باڵەخانەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، قیرتاو دەکرێت، کە درێژییەکەی یەک کیلۆمەتر و 260 مەتر دەبێت و تێچووەکەشى  2 ملیارو 100 ملیۆن دینارە.

پرۆژەکە 25ی ئەیلولی 2023 دەستی پێکردووە و ماوەکەی یەک ساڵە.

ئەیاس عەزیز،ئەندازیاری سەرپەرشتیار پڕۆژەکە لە شارەوانی سۆران، بە 964ی وت،”بەشێکی پڕۆژەکە دروستکردنی جوتسایدێکە لە بەردەم زانکۆ و کۆلێژی تەکنیکی سۆران، کە هەم پرۆژەیەکی گرنگە و هەم جوانی بەخشە بە سیمای شار”.

وتیشی،”بە تەواوبوونی ئەم پڕۆژەیە، شەقامەکە لە شەقامێکی کۆنی پڕ چاڵ و چۆڵەوە دەگۆڕێت بۆ شەقامێکی نوێی بێ کێشە و جەنجاڵی و ئاستەنگییەکانی هاتوچۆ چارەسەر دەکات”.

964، سۆراغی پلان و کاری داهاتووی رێگاوبانی لە شارەوانی سۆران کرد، قەیتەران عەزیز، سەرۆکی هۆبەی پڕۆژەکان لە شارەوانی سۆران لەمبارەیەوە رایگەیاند، دەست بە جێبەجیكردنی زیاتر لە پێنج پڕۆژەی رێگاوبان کراوە کە گوژمەکانیان لە نێوان ملیارێک تا دوو ملیار دەبێت”.

وەک باسى دەکات، شەقامی پشتێنەیی گوندی کەورین، 20 مەتری گەڕەکی کۆڕەک، شەقامی گەڕەکەکانی بەختیاری و ئەیلول، بەشێکن لەو پڕۆژانە.

964 دەزانێت جگە لەم پڕۆژانە، شەقامی چل مەتریش لە سۆران لە جێبەجێکردندایە و بە قیرتاو کردنی نزیکەی 500 مەتر، یەکێک لە لاینەکانی کۆتایی هاتووە و شۆشتەش بۆ لاینەکەی دیکەی دانراوە.

پرۆژەی شەقامی 40 مەتری سۆران، درێژییەکەی نزیکەی دوو هەزار مەترە، تا ئێستا نزیکەی 20% کارەکانی تەواو بووە.

چیتر

چیتر "با"ی سۆران بەفیڕۆ ناچێت