"نابێت بكوژرێن"

له‌ دهۆك كار له‌سه‌ر پاراستنى ورچ ده‌كرێت

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

فه‌رمانگه‌ى ژینگه‌ى دهۆك ده‌ڵێت، مه‌ترسی له‌سه‌ر ورچ له‌سنووره‌كه‌یان هه‌یه‌ و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش چه‌ند رێكارێك ده‌گرنه‌به‌ر بۆئه‌وه‌ى هه‌م ورچه‌كان سه‌لامه‌ت بن هه‌م جوتیارانیش له‌ زه‌ره‌رى ورچه‌كان به‌دوور بن.

بابه‌تى پاراستنى ورچه‌كانى دهۆك سیمینارێكی بۆ سازكرا كه‌ جگه‌ له‌ فه‌رمانگه‌ى ژینگه‌،  زانكۆ و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان و رێكخراوه‌كانى پاراستنى ژینگه‌ى ئه‌م پارێزگایه‌ به‌شدار بوون.

دڵشاد عه‌بدولڕه‌حمان، به‌ڕێوه‌به‌رى فه‌رمانگه‌ى ژینگه‌ى دهۆك به‌ 964ـى وت، نازانن ژماره‌ى ورچه‌كان له‌ سنوورى دهۆك چه‌نده‌، به‌ڵام ده‌ڵێت زۆرجاران له‌ شوێنی جیاجیاى گونده‌كان ده‌رده‌كه‌ون و زیانیش به‌ به‌رهه‌مى جوتیاران ده‌گه‌یه‌نن.

وتیشی “له‌ سیمیناره‌كه‌ بڕیاردرا هه‌ندێك رێكار بۆ ئه‌م پاراستنه‌ بگرینه‌به‌ر یه‌كێك له‌وانه‌ش رووپێوییه‌ك بكرێت كه‌ چه‌ند ورچ له‌ سنوورى دهۆك هه‌ن و له‌ چ شوێنێكیشن”.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد كار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش ده‌كرێت كه‌ بۆچی ورچه‌كان نزیكی گوند و ئاواییەکان ده‌كه‌نه‌وه‌ .

ورچ هێرشی کردوەتە سەر گوندێکی ئامێدی

ورچ هێرشی کردوەتە سەر گوندێکی ئامێدی

روونیكرده‌وه‌، زۆرجاران كه‌ هاوڵاتیان باسی زیان گه‌یاندنى ورچه‌كان به‌ به‌رهه‌مى جوتیاران ده‌كه‌ن، زێده‌ڕۆیی له‌ قسه‌كانیاندا هه‌یه‌ و پێویسته‌ ئه‌وه‌ پشتڕاست بكرێته‌وه‌.

به‌ڕێوه‌به‌رى ژینگه‌ی دهۆك، باس له‌وه‌شده‌كات كه‌ بابه‌تى كوشتنى ورچ له‌لایه‌ن جوتیارانه‌وه‌ یه‌كێك بووه‌ له‌ ته‌وه‌رى سیمیناره‌كه‌یان و جوتیاران بۆ پاراستنى به‌روبومه‌كانیان ئه‌م پێشنیاره‌یان كردووه‌، بەڵام ده‌ڵێت “پێویسته‌ رێگرى له‌و كاره‌ بكرێ”.

تا ئێستا له‌ زۆر شوێن و ناوچه‌ى هه‌رێمی كوردستان ورچ بیندراون، به‌تایبه‌تیش له‌ بنارى قه‌ندیل، سنوورى بارزان و دهۆك و چه‌ند شوێنێكی دیكه‌.

به‌ مه‌به‌ستى پاراستنى ئه‌م ئاژه‌ڵه ده‌گمه‌نه،‌ حکومەتی هەرێم له‌رێگه‌ى ده‌سته‌ى پاراستنى ژینگه‌وە، سزای قورسی لە دژی ئه‌و كه‌سانه‌ دا‌ناوه‌ كه‌ به‌ناوى راوكردن ئه‌م جۆره‌ ئاژه‌ڵه‌ ده‌كوژن.

بەپێی رێنمایی ژمارە یەکی ساڵی 2023 کە لە وەقایعی کوردستان بڵاوکراوەتەوە، هەر كەسێك پڵنگێك یان ورچێك بكوژێت، به‌ 20 ملیۆن دینار سزا دەدرێت.

964 دیمه‌نى ده‌ركه‌وتنى سێ ورچ له‌ سنوورى شێروان مه‌ز...

964 دیمه‌نى ده‌ركه‌وتنى سێ ورچ له‌ سنوورى شێروان مه‌زن بڵاوده‌كاته‌وه‌