لە هەڵەبجە

نەکەی بێ تەواوکردنی مۆڵەت خانوو دروست بکەیت

964+

پێشەوا محەمەد

شارەوانیی هەڵەبجە هۆشداری دەداتە هاوڵاتیان بەبێ تەواوکردنی مۆڵەت دەست بە دروستکردنی خانووەکانیان نەکەن، چونکە تووشی زیان دەبن.

بەپێی رێنمایی شارەوانیی هەڵەبجە کە بە 964 دراوە، هەرکەسێک بیەوێت خانوو دروست بکات دەبێت سەرەتا مۆڵەتی دروستکردنەکەی تەواو بکات و وەریبگرێتەوە، دوای ئەوە خانووەکەی دروست بکات.

سەلام بیلال، سەرۆکی شارەوانیی هەڵەبجە بە 964ـی راگەیاند، لە هەڵەبجە هێشتا کولتووری چوون بۆ بەڕێوەبەرایەتی و ئەنجامدانی مامەڵە لای هەندێ هاوڵاتی جێگیر نەبووە و راستەوخۆ دەست بە هەر کارێک دەکەن خۆیان بیانەوێت.

وتیشی، “هەر هاوڵاتییەک بەر لە تەواوبوونی مۆڵەتی بینا دروستکردن ئیش بکات لیژنەکانی شارەوانی سەردانی دەکەن و ئیشەکەی پێڕادەگرن و بەپێی رادەی ئیشکردنەکەی سزای مادی بۆ دەنووسن”.

هێشتا بەشێک لە هاوڵاتیان تەنانەت بەبێ دەرهێنانی مۆڵەت ئیش دەکەن، سەرۆکی شارەوانیی هەڵەبجە دەڵێت، “ئەگەر بێ هیچ سەردانێک بۆ دەرهێنانی مۆڵەت خانوو دروستبکرێت وەک زیادەڕۆ مامەڵەی لەگەڵ دەکەین”.

شارەوانییەکە هێندەی مەبەستییەتی سیستمی ئیداری و پابەندبوونی هاوڵاتیان بە یاسا و رێنماییەکان لای هاوڵاتیان ئاشنا بکات هێندە مەبەستی سزادانیان نییە، ئەوە بەپێی وتەی سەلام بیلال.

بۆردی وەبەرهێنانی هەڵەبجە پێکهێنرا و دوو لیژنەی دەبێت

بۆردی وەبەرهێنانی هەڵەبجە پێکهێنرا و دوو لیژنەی دەبێت