350 ماڵ سوودمەند دەبن
چەند گەڕەکێی بۆسکین کێشەی ئاوی خوارنەوەیان نامێنێت
964+
ژێوار خدر – راپەڕین
بۆ یەکەمجار تۆڕی ئاو بۆ چەند گەڕەکێکی شارەدێی بۆسکێنی سەر بە قەزای رانیە رادەکێشرێت، کە پێشتر ئاوی خواردنەوەیان نەبووە.
بە پێی وتەی ئەبوبەکر محەمەد، لێپرسراوی هونەریی دابەشکردنی ئاوی رانیە، کە قسەی بۆ 964 کردووە، بە دوو پڕۆژە کارەکە دەکرێت، یەکەمیان راکێشانی تۆڕی ئاوە بۆ گەڕەکی شمشارە، لەسەر بوودجەى بەڕێوەبەرایەتىی ئاوى ڕاپەڕین و لەلایەن بەشی دابەشکردن و چاکسازیى ئاوى رانیە جێبەجێ دەکرێت، بە ڕاکێشانى بۆڕى بە درێژىی 900 مەتر لە جۆرەکانى (75,90,110,125) ملیم، کە زیاتر لە 50 ماڵ سوودمەند دەبن لێی بۆ ئاوى خواردنەوە.
وتیشی، “پڕۆژەی دووەم بۆ گەڕەکی نالیایە، گەڕەکێکی تری تازەیە لە بۆسکین ئێستا تۆڕی ئاوی بۆ رادەکێشرێت و بەشی یەکەمی پڕۆژەکە لە تەواوبووندایە”.
ئەو پڕۆژەیە لەسەر بوودجەى وەبەرهێنانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارە و بە درێژیى سێ هەزار و 840 مەتر بە بۆریى جۆرى RC ئەوروپی بە قیاسەکانى (63,75,90110,125,160,200) ملیم جێبەجێ دەکرێت، کە زیاتر لە 300 ماڵ سوودمەند دەبن لێی بۆ ئاوى خواردنەوە.
بەپێی لێدوانی لێپرسراوی هونەری دابەشکردنی ئاوی رانیە بێت، هەردوو پڕۆژەکە لە ماوەی دوو هەفتەدا تەواو دەبن.
پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد