بۆ بوون بە رابەر
سەرۆکی ئێران پێش گیان لەدەستدانی بێ هیوا کرابوو
964+
ژووری هەواڵ
ئیبراهیم رەئیسی لە رووداوی کۆپتەرەکەدا گیانی لەدەستدا، زۆر کەس وتیان پۆستی داهاتووی رابەری ئێران دەبوو، بەڵام تازە دەرکەوتووە شەش مانگە ئەو چانسەی نەماوە، ئێستا ناوی کوڕەکەی خامەنەیی و کوڕەزاکەی خومەینی دێت بۆ ئەوەی بچنە سەر کورسییەکەی رابەر، بەڵام ئەوەش هەروا ئاسان نییە.
ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری دوو سەرچاوەوە ئاشکرای کردووە کە بەر لە شەش مانگ ناوی ئیبراهیم رەئیسی سەرۆکی کۆچکردووی ئێران لەناو ئەو لیستەدا دەرهێندراوە کە دەشێت ببنە شوێنگرەوەی عەلی خامەنەیی رابەری شۆڕشی ئیسلامی لە ئێران.
هۆکاری سڕینەوەی ناوی رەئیسی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ”ئاستی جەماوەری زۆر دابەزیوەو خراپ وڵاتی بەڕێوەبردووە لەکاتی قەیرانەکاندا”.
رابەری شۆڕشی ئیسلامی لە ئێران لەلایەن ئەنجومەنی شارەزایانی ئەو وڵاتەوە دیاری دەکرێت کە لە 88 کەس پێکهاتوون، ئێستا زیاتر لە جاران بیر لە شوێنگرەوەی خامەنەیی دەکەنەوە، بەتایبەتی کە رابەرەکەیان تەمەنی هەڵکشاوە (85 ساڵ).
پێشتر زۆر باسی ئەوە دەکرا کە دوو رکابەری بەهێز هەن بۆ شوێنگرەوەی خامەنەیی، یەکێکیان ئیبراهیم رەئیسی بوو، ئەوەی دووەمیان موجتەبای کوڕی دووەمی خامەنەیی بوو، بەڵام بەپێی ئەم ئەم زانیارییەی رۆیتەرز بێت شەش مانگە رەئیسی ئەو چانسەی لەدەستداوە.
مردنی رهئیسی كودهتایهكی سپی و كردنهوهی دهرگای ناڕهزایهتییهكانه؟
بەرپرسێکی پێشووی ئێران بە رۆیتەرزی وتووە ”پێشبینی دەکرێت ئەم ماوەیە ناوەندە دەستڕۆیشتووەکانی ئێران، بەتایبەتی سوپای پاسداران و پیاوە ئاینییە قسەرۆیشتووەکانی قوم زیاتر هەوڵەکانیان چڕ بکەنەوە دەستوبرد بکەن بۆ دیاریکردنی شوێنگرەوەی خامەنەیی”.
سەرچاوەکە وتوویەتی ”مردنی رەئیسی گورزێک بوو بەر پرۆسەی هەڵبژاردنی رابەر کەوت، هەرچەندە هەندێ کەس دەڵێن رەئیسی باشترین شوێنگرەوە بوو، بەڵام کەس نازانێت بە راستی نیازی دڵی خامەنەیی چی بووەو کێی داناوە بۆ ئەو پۆستە”.
کەس نازانێت نیازی خامەنەیی رابەری باڵا بۆ دانانی جێگرەوەی چی دەبێت
لە دوای گیان لەدەستدانی ئیبراهیم رەئیسییەوە بەچڕی ناوی دوو کەس دێت بۆ ئەو پۆستە، یەکێکیان موجتەبا خامەنەییەو ئەوەی دیکەیان عەلی خومەینی، ئەمەی دووەم کوڕەزای خومەینی دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی ئێرانەو ئێستا لە شاری نەجەفی عێراق نیشتەجێیە، بەڵام ئەم دوانەش ئاستەنگیان لەپێشە، چونکە لەناو گوێ لێگیراوەکانی ئێراندا رەوتێکی بەهێز هەیە دژی ئەوەن پۆستی رابەر لە باوانەوە بۆ کوڕەکانیان بگوازرێتەوە.
عەلی خومەینی کوڕی ئەحمەد خومەینیە، دووەم کوڕی ئیمام خومەینی، چەند ساڵێک دوای شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە بارودۆخێکی تەمومژاویدا کۆچی دوایی کرد.
کوڕەزاکەی خومەینی لەدایکبووی ساڵی 1985ەو خێزانەکەشی کچەزای عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەیە لە عێراق.
لەکاتی ناڕەزاییەکانی بزوتنەوەی ژن ژیان ئازادی عەلی خومەینی وتبووی ”ئەم گەلە زۆر ئارامگرە، بۆیە مافی خۆیەتی ناڕازی بێت”.
مردنی رهئیسی كودهتایهكی سپی و كردنهوهی دهرگا…
مردنی رهئیسی كودهتایهكی سپی و كردنهوهی دهرگای ناڕهزایهتییهكانه؟
پاشنیوەڕۆی یەکشەممە 19.05.2024 هەواڵ هات کە کۆپتەرەکەی سەرۆکی ئێران دیار نەماوە، دوای 16 کاتژمێر ئینجا تیمە فریاگوزارییەکان دۆزیانەوەو گەیشتنە شوێنی رووداوەکە، ئەو کات زانیان هەموو سەرنشینەکانی کۆپتەرەکە تیاچوون.
کۆپتەرە لێقەوماوەکە نۆ کەسی هەڵگرتبوو: ئیبراهیم رەئیسی سەرۆک کۆمار، حسێن ئەمیر عەبدولەهیان وەزیری دەرەوە، مالک رەحمەتی پارێزگاری ئازربایجانی رۆژئاوا، محەمەد عەلی ئال هاشم ئیمامی تەبرێز و نوێنەری رابەری ئێران، مەهدی موسەوی بەرپرسی دەستەی پاسەوانی سەرۆکی ئێران، جگە لە مانەش پاسەوانێکی و فڕۆکەوان و یاریدەدەری فڕۆکەوان و ئەندازیاری تەکنیکی هەبوون.