كۆنسوڵی ئەمریكا بۆچی سەردانی سلێمانی كرد؟
+964
كوردستان ئەحمەد- هەولێر
كونسوڵی ئەمریكا لە هەرێمی كوردستان سەردانی سلێمانی كردو لەگەڵ پارێزگار و ژووری بازرگانی و چەند سەرمایەدارێك كۆبووەوە.
ئێرڤن هیکس، کونسوڵی ئەمەریکا بەجلی كوردیەوە لەگەڵ ستافێكی كۆنسوڵخانە سەردانی سلێمانیان كرد.
لە هۆتێل رۆتانا لەگەڵ پارێزگاری سلێمانی و ژووری بازرگانی سلێمانی و ژوری بازرگانی هەڵەبجە و چەند سەرمایەدارێكی شارەكەدا كۆبووەوە
وەفدەكەی كونسوڵخانەی ئەمریكا نوێنەری ژووری بازرگانی ئەمریكای لە کونسوڵخانە لەگەڵدا بوو.
كونسوڵخانە دەڵێت: ئامانجی سەردانەكە بریتییە لە دروستكردنی پردێكی پەیوەندی بازرگانی لە نێوان پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا.
زریان محەمەد، وتەبێژی ژووری بازرگانی سلێمانی بە+964ی وت “سەردانەكەی كۆنسوڵ سەردانێكی دۆستانە بووە بۆ دروستكردنی پەیوەندی بوو لەگەڵ ئەمریكادا.
بەقسەی زریان محەمەد، گفتوگۆكان بەو دەرئەنجامە گەیشتوون كە هەماهەنگی زیاتر لەنێوان ژووری بازرگانی سلێمانی و ئەمریكادا بكرێت.
“لەگەڵ بازرگان و سەرمایەدار و پیشەسازان و نوێنەری كشتوكاڵدا كۆبوەوە، دیدارەكە دۆستانە بووە و چەندین گفتوگۆ دەربارەی پتەوكردنی پەیوەندیەكانی نێوان ئەمریكا و كوردستان كراوە”. زریان محەمەد وای وت.
كونسوڵی ئەمریكا هیچ دانیشتن و گفتوگۆیەكی لەگەڵ بازرگان و سەرمایەدارەكانی سلێمانیدا بە تەنیا نەبووە و هەموو گفتوگۆكان لە چوارچێوەی كۆبوونەوەكاندا بووە كە لە كۆبوونەوەكەی دوێنێدا كراون