سبەی

لە سلێمانی پرسە بۆ سەرۆکی ئێران دادەنرێت

دیلان محەمەد جەزا

ئەمڕۆ کونسوڵگەری ئێران لە سلێمانی ماتەمینی خۆی راگەیاند بۆ کۆچی دوایی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران، بۆ ئەمەش پرسەیان داناوە.

محەمەد مەحمودیان سەرکونسوڵی ئێران لە سلێمانی بە 964 وت، بەبۆنەی کۆچی دوایی ئیبراهیم رەئیسیی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران، لە سبەینێ چوارشەممەوە پرسەی بۆ دادەنرێت.

باسی لەوەش کرد، پرسەکەی لە کونسوڵگەری ئێران لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت لە کاتژمێر دووی پاش نیوەڕۆ بۆ کاتژمێر پێنج.

ئەوەی خستەڕوو، لە تارانی پایتەخت مەراسیمی پرسەی سەرۆک کۆماری کۆچکردوو بە بەشداری سەرۆک و نوێنەری وڵاتان بەڕێوە دەچێت.

وتی: “محەمەد موخبیری جێگری سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران، تا 50 رۆژی دیکە و ئەنجامدانی هەڵبژاردن، کاروبارەکانی وڵات دەگرێتەدەست و دکتۆر باقری وەک وەزیری دەرەوە بەوەکالەت دەستنیشان کراوە”.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا