یه‌ك بار مریشكی‌ خراپبوو پێش ساغكردنه‌وه‌ی‌ ده‌ستی‌ به‌سه‌ردا گیرا

+964

دێسکی کوردی

لە چەمچەماڵ کەسێک ویستویەتی چوار تۆن مریشکی خراپ بوو دەرخواردی خەڵک بدات، بەڵام لیژنەکانی چاودێری پێیدەزانن و دەست بەسەر مریشکە خراپبووەکەدا دەگرن.

 ئەو بڕە مریشکەی کە دەستی بەسەرداگیراوە، بەهاکەی نزیکەی بایی هەشت ملیۆن دینارە و لە ئەگەری ساغکردنەوەیدا دەکرا ببێتە هۆی ژەهراویبوونی هەزاران کەس.

بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی چەمچەماڵ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک رایگەیاند، چوار تۆن مریشکی بەستوو لەناوبرا کە لە گواستنەوەیدا رەچاوی رێنماییە تەندروستییەکان نەکراوە و گۆشتەکە شیاو نەبووە بۆ خواردن.

 بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی چەمچەماڵ رایگەیاند، بارێکی مریشکی بەستووی بەرازیلی لە جۆری شاورمە بەڕێگەی قاچاخ و بەشێوەی ناتەندروست هاوردەکراوە و لە رێگەی بەڕادەوە نەگواستراوەتەوە، لەئەنجامدا تەواوی بارەکە تواوەتەوە و خراپ بووە و شیاو نەبوو بۆ خواردن.

 تەندروستی چەمچەماڵ دەڵێت، “ئەمڕۆ لیژنە هاوبەشەکان هەستان بە لەناوبردنی بارەکە و غەرامەکردنی خاوەنەکەی و پڕکردنەوەی بەڵێننامەی دادنووس بە خاوەنی بارەکە و شۆفێرەکەشی ،کە جارێکی دیکە بە شێوەی ناتەندروست و بەڕێگەی قاچاخ شمەک هاوردە نەکەن.”