بێ دایکە
کاریلەیەکی کێوی گەڕێنرایەوە بۆ سروشت
964+
بەهرە محەمەدئەمین
لەلایەن پۆلیسی دارستانی دەربەندیخانەوە کاریلەیەکی کێوی رزگارکراو گەڕێنرایەوە بۆ سروشت، هاوڵاتیان دەڵێن،”نەدەبوو بەو بچوکییە بۆ ناو سروشتی بگەڕێننەوە”.
کاریلە کێوییەکە چەند رۆژێک لەمەوبەر کەوتووەتە ناو ئاوی رووباری سیروانەوە و لەلایەن گەشتیارێکەوە رزگارکراوە.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی، هەواڵەکەی بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی، گەشتیارەکە دوای چاودێریکردنی کاریلەکە بۆ ماوەیەک، رادەستی مەفرەزەکانی پۆلیسی دارستانی دەربەندیخانی کردووە.
بە پێی راگەیەندراوەکەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی، کاریلەکێوییەکە دوو رۆژ لەلایەن پۆلیسی دارستانی دەربەندیخانەوە چاودێریی کراوە، ئینجا گەڕێندراوەتەوە بۆ ناو سروشت، چونکە شوێنی راستەقینەی خۆیەتی.
هێمن کەمەرخان، وتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی بۆ 964، بابەتەکەی پشتڕاستکردەوە و وتیشی، ئەو ئاژەڵانە نزیکن لە ئاوی رووبارەکەوە و بۆ ئاوخواردن دێنە لای ئاوەکە، ئەو شوێنەی ئاویشی لێ دەخۆن ئاوەکەی بەخوڕە بۆیە رووداوەکەی بەسەرهاتووە.
هەرچەندە هاوڵاتیان لە کۆمێنتەکاندا تانەیان داوە، گوایە کاریلە کێوییەکە تەمەنی زۆر بچووکە و گەڕاندنەوەی بۆ سروشت بە بێ دایک مەترسییە لەسەری، بەڵام پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی دەڵێت، ئەو جێگایەی کاریلەکەی لێ بەڕەڵا کراوە، ناوەندی ژیانی کەڵە کێوییەکانە و لەلایەن مەفرەزەکانی پۆلیسی دارستانی دەربەندیخانەوە بە وردی چاودێریی دەکرێت.