تاى خوێنبەربوون لە عێراقە

39 کەس توشبوون و 5 کەس گیانیان لەدەستداوە

وریا فەتاح

لەلایەن تەندروستییەوە پشتڕاستکرایەوە کە لە عێراقدا 39 حاڵەتى توشبوون بە تاى خوێنبەربوون تۆمارکراوە و چەند کەسێکیش گیانیان لەدەستداوە، زۆرترینى لە زیقارە و هەرێمى کوردستانیش پارێزراوە.

سەیف بەدر، وتەبێژی وەزارەتى تەندروستى عێراق بە ئاژانسى دەنگوباسى عێراقى راگەیاندووە، 39 کەس تووشى تاى خوێنبەربوون هاتوون کە 12 توشبوویان لە زیقارن و دوو کەسیش گیانیان لەدەستداوە، لە نەینەواش شەش توشبوو و یەک مردن تۆمارکراوە و لە پارێزگاى واست، 5 توشبوو لە بەشى کەرخى بەغداى پایتەختیش 4 توشبوو هەیە.

بە وتەى سەیف بەدر، لە بابل 4 توشبوو لەگەڵ حاڵەتێگى گیان لەدەستدان هەبووە، لە میسان 3 توشبوو پشتڕاستکراوەتەوە، لە بەشى رەسافەى بەغداد گیان لەدەستدانێک و دوو حاڵەتى توشبوون هەبووە.

لە کەرکوک و نەجەف و موسەننا، لە هەر یەکێکیان یەک حاڵەتى توشبوون هەیە.

بەسرە، کەربەلا، دیالە، دیوانیە، سلێمانى، هەولێر و دهۆک، ئەو پارێزگایانەن کە هیچ حاڵەتێکى تێدا تۆمار نەکراوە.