دوو هەزار و 700 ساڵە

شوێنەوارێکی پاشا سەنحاریب لە شێخان نۆژەن دەکرێتەوە

964+

هیڤی دێوالی – دهۆک

شوێنەواری “جەروانە، قەنتەری جەروانە” لە دهۆک نۆژەن دەکرێتەوە و بەپێی زانیارییەکانی شوێنەواری دهۆک، مێژووی ئەو شوێنەوارە دوو هەزار و 700 ساڵە و بۆ سەردەمی پاشا سەنحاریب دەگەڕێتەوە.

شوێنەوارەکە بە دووری نۆ کیلۆمەتر دەکەوێتە بەشی ڕۆژهەڵاتی قەزای شێخان و یەک کیلۆمەتریش لە ڕێگای سەرەکی دهۆک دوورە.

بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و کەلەپووری دهۆک بە هەماهەنگی لەگەڵ رێکخراوی یونسکۆ و رێکخراوی کاری نێودەوڵەتی (ILO) و رێکخراوی وادی ئەڵمانی دەستیان بە نۆژەنکردنەوەی شوێنەوارەکە کردووە لە چوارچێوەی پڕۆژەی پشتیوانی رێگای ژیان لە رێگای گەشەپێدان.

بێکەس بریفکانی، بەڕێوەبەری گشتیی شوێنەوار و کەلەپووری دهۆک بە 964ـی وت، “ئەو شوێنەی نۆژەن دەکرێتەوە جۆگایەکی ئاوە، دوو هەزار و 700 ساڵ لەمەوبەر لەوێوە ئاو بۆ مووسل دەنێردرا”.

وتیشی، “لەم پڕۆژەیەدا هەلی کارمان بۆ 25 کەس رەخساندووە، لە دەرچووانی زانکۆ و شوێنەوارناس و کرێکاری دەڤەرەکە”.

ناوبراو نەیزانی کەی کارکردن لە شوێنەوارەکەدا تەواو دەکەن.

پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد