“عێراق یەکەمەکانی 19 ساڵی رابردووی هەرێم دادەمەزرێنێت”

964+
فەهمی نەبی – هەولێر

بڕیار رەشید، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، بڕیاری دامەزراندن بۆ سێ یەکەمی زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵانی 2003 تا 2022 دەرچووە لە لایەن حکومەتی ناوەندیی.

ئەو یەکەمانە دەگرێتەوە کە بە هەر هۆکارێک بێت دانەمەزراون تاوەکو ئێستا.

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەران لە هەژماری خۆی لە فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە کە ئەم دامەزراندنە ساڵانە بەردەوام دەبێت.

ئەوەشی نوسیوە، پێویستە دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان بەڵگەی پێویست ئامادە بکەن، کە ئەو یەکەمانە لە هیچ شوێنێکی تر دانەمەزراون.

لە لایەکی دیکە، عەباس ئەکرەم، وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا بە +964ـی وت، هەفتەیەک زیاترە ناوەکان رەوانەی بەغدا کراون، بەڵام تا ئێستا فەرمانی دامەزراندنیان دەرنەچووە.

وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا ئەوەشی وت، هێشتا روون نییە کەی بڕیاری دامەزراندنیان بۆ دەردەچێت.