کێ حەزی لە شەترەنجە؟ سبەی لە هەولێر پاڵەوانیەتی هەیە

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا – هه‌ولێر

سبه‌ی شاری هه‌ولێر دوو پاڵه‌وانیه‌تیی شه‌تره‌تج به‌خۆیه‌وه‌ ده‌بینێت، كه‌ هه‌ردووكیان له‌ ئاستی نێوده‌وڵه‌تی تۆمار ده‌كرێن.

یانه‌ی وه‌رزشی هه‌ولێر له‌ په‌یجی فه‌رمی خۆی بڵاویكرده‌وه‌، سبه‌ی پێنجشه‌ممه‌ 19ـی كانوونی دووه‌م، پاڵه‌وانیه‌تیی نێوده‌وڵه‌تیی شه‌تره‌نج (راپید) له‌ هەولێر ده‌ستپێده‌كات و ماوه‌ی سێ رۆژ به‌رده‌وام ده‌بێت.

یانه‌كه‌ رایگه‌یاندووه‌، ركابه‌رییه‌كان كاتژمێر 6:00ی ئێواره‌ له‌ هۆڵی هوتێل گۆڵدن نایت ده‌ستپێده‌كات.

سه‌رپه‌رشتیارانی پاڵه‌وانیه‌تییه‌كه‌ ئاشكرایان كردووه‌، خه‌ڵاتی براوه‌ی یه‌كه‌می پاڵه‌وانیه‌تییه‌كه‌ 250 هه‌زار دیناره‌ و تا پێنجه‌می ریزبه‌ندییه‌كه‌ خه‌ڵات وه‌رده‌گرن، كه‌ خه‌ڵاتی پێنجه‌م ته‌نیا 50 هه‌زار دیناره‌.

ئه‌وه‌شیان باسكردووه‌، به‌رامبه‌ر به‌شداریكردن له‌ پاڵه‌وانیه‌تییه‌كه‌دا به‌شداربوو ده‌بێت پاره‌ بدات، كه‌ به‌پێی ره‌یتینگی خۆی له‌ ریزبه‌ندی یاریزانان پاره‌كه‌ دیارییكراوه‌ و له‌ 5 هه‌زار تا 30 هه‌زار دیناره‌، ته‌نیا ئه‌وانه‌ی له‌ ئاستی ماسته‌رن له‌ یارییه‌كه‌دا، به‌خۆڕایی به‌شدارده‌بن.

یانه‌ی هه‌ولێر رایگه‌یاندووه‌، سیستمی ركابه‌رییه‌كان 15+10 ده‌بێت، واته‌ 15 خوله‌ك بۆ ده‌ستپێك و دواتر بۆ هه‌ر جوله‌یه‌ك 10 چركه‌ زیاد ده‌بێت.

له‌ لایه‌كی دیكه‌ لقی هه‌ولێری فیدراسیۆنی شه‌تره‌نجی عێراق بڵاویكرده‌وه‌، سبه‌ی پاڵه‌وانیه‌تی كراوه‌ی شه‌تره‌نجی كلاسیك بۆ كچان له‌ هه‌ولێر رێكده‌خات.

ئه‌وه‌شیان بڵاوكردووه‌ته‌وه‌، پاڵه‌وانیه‌تییه‌كه‌ به‌ چاودێری لقی هه‌ولێری نوێنه‌رایه‌تی لیژنه‌ی ئۆڵمپی به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

پاڵه‌وانیه‌تییه‌كه‌ سبه‌ی كاتژمێر 6:00ی ئێواره‌ له‌ هۆڵی ئه‌كادیمیای شه‌تره‌نج له‌ شه‌قامی چل مه‌تری ده‌ستپێده‌كات.

ئازاد دیبه‌گه‌یی سه‌رۆكی لقی هه‌ولێری فیدراسیۆنی شه‌تره‌نجی عێراق به‌ 964+ـی وت، پاڵه‌وانیه‌تییه‌كه‌ له‌ فیدراسیۆنی نێوده‌وڵه‌تیی شه‌تره‌نج تۆماركراوه‌ و یارییه‌كانیش به‌ شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ له‌ ویبساتێكی سه‌ر به‌ فیدراسیۆنه‌كه‌ په‌خشده‌كرێت.

وتیشی “پاڵه‌وانیه‌تییه‌كه‌ بۆ ره‌یتینگی یاریزانه‌ به‌شداره‌كان گرنگه‌ و خاڵه‌كانیان تۆمار ده‌كرێت”.

جێی سه‌رنجه‌ هه‌ردوو پاڵه‌وانیه‌تییه‌كه‌ له‌ یه‌ككاتدا به‌ڕێوه‌ده‌چن.