بەڕووی بارهەڵگرەکاندا

بە چەند مەرجێک رێگای ناحیەی سکتان کرایەوە

964+

گۆڤەند فەتاح – کۆیە

گردبوونەوەی دانیشتوانی ناحیەی سکتان بەردەوامە و لە دوێنێ سێشەممەوە رێگەیان گرتووە و تا ئێستا نەیانهێشتووە هیچ بارهەڵگرێک بڕوات.

دوای ئەوەی رێگەکانی بالیسان، سکتان، سماقوڵی و کۆیە بە روویاندا داخراوە، هاتوچۆی بارهەڵگرەکان بە تەواوی پەکخراوە و هیچ جموجۆڵێکی بازرگانیش نەماوە.

شوان زیاد، یەکێکە لە دانیشتووانی ناحیەی سکتان و بەشدار بووی گردبوونەوەی ئێستای رێگەکەیە بە 964ی وت، “ئێمە ساڵێکە رێگەکەمان بۆ نۆژەن کراوەتەوە، بە هۆی هاتنی ئەو رێژە زۆرە بارهەڵگرە بەشێکی رێگەکەمان دووبارە تێکچووەتەوە، ئارامی و ئیسراحەتمان نەماوە بە دەستی ئەو بارهەڵگرانەوە”.

وتیشی، جگە لە دەنگی بەرز و دروستبوونی فشارێکی زۆر لە شەقامەکانمان، مەترسییەکی زۆریشی بۆ سەر گیانی هاوڵاتیان دروستکردووە لە ئەگەری روودانی رووداوی هاتوچۆ و کارەساتی دڵتەزێن.

لە ماوەی رابردوودا شۆفێری بارهەڵگرەکان ئەو رێگەیانەی بەکاریان دەهێنان دەبوونە هۆی بێزاری خەڵکی ناوچەکە و تێکچوونی رەوشی شەقام و رێگە و بانەکانیان، جگە لە مەترسی دروستبوونی کارەساتی رووداوی هاتوچۆ.

لە رێکەوتی 6.5.2024 دوای ئەوەی لە ئەنجامی رووداوێکی هاتوچۆ لە رێگەی نێوان کۆیە – هەولێر، چوار هاوڵاتی گیانیان لە دەستدا، هاوڵاتیانی شاری کۆیە رێگەیان بە رووی بارهەڵگرەکاندا داخست، دواتر رێگەکەیان گواستەوە بۆ سکتان، بە هەمان شێوە لەوێش رێگەیان پێنادرێت هاتوچۆ بکەن، ئێستا هەموو رێگەکانیان لێ داخراوە.

ئەم هەواڵە نوێکرایەوە:
بە چوار مەرج دانیشتوانی ناحیەی سکتان رێگەیان بەڕووی بارهەڵگرەکاندا کردەوە”

یەکەم: تەواوکردنی یاریگای 11 یاریزانی ناحیەی سکتان.
دووەم: چاککردنی سەرجەم رێگاکان بەزووترین کات.
سێیەم: کردنەوەی سەرجەم رێگاکانی دیکەی ، سماقوڵی، کۆیە و بالیسان بە ڕووی بارهەڵگرەکاندا.
چوارەم: جێبەجێکردنی داواکاری سەرجەم گوندەکانی سەر بە ناحییەکە.
خۆپیشاندەرانی ناحییەکە تاوەکو رۆژی یەکشەممەی داهاتوو مۆڵەتیان بە ئیدارەی ناحیەکە داوە بۆ جێبەجێکردنی مەرجەکان ئەگەرنا دوبارە رێگاکە دەگرنەوە.

پێداچوونەوە: توانا نەقی

شۆفێرانى بارهەڵگر شا رێگەى سلێمانیان داخست

شۆفێرانى بارهەڵگر شا رێگەى سلێمانیان داخست