تەمەنی بوو بە 40 ساڵ

مارک زوکەربێرگ بەچیدا تێپەڕیوە تا گەیشتووە بە ئەمڕۆ؟

+964

ئەحمەد عەبدوڵا

ئەمڕۆ 14ی ئایار مارک زوکەربێرگ تەمەنی دەبێتە 40 ساڵ، زوکەربێرگ لە ساڵی 2008 کە تەمەنی تەنیا 23 ساڵ بوو بووە گەنجترین کەسی جیهان کە بە شان و بازوو یان باشتر بڵێین بە عەقڵە بلیمەتەکەی بووبێتە ملیاردێر و بە میرات بۆی نەمابێتەوە، لە کاتێکدا کە بەپێی زانیارییەکان مارک ئاهەنگی لەدایکبوونی لە یەختە نوێیەکەیدا بە بڕی 300 ملیۆن دۆلار لە شوێنێکی نزیک پەنەما دەگێڕێت، ئێمە لەم راپۆرتە چاوێک بە گرنگترین ساتەکانی ژیانی لە بواری تەکنەلۆژیا و ژیانی تایبەتی مارک دەخشێنین:

ساڵی 1996: رێگای هەزار میل لە هەنگاوێکەوە دەستپێدەکات:
زوکەربێرگ یەکەم بەرهەمی تەکنەلۆژیای خۆی لە تەمەنی 12 ساڵیدا دروستکرد، بە بەکارهێنانی زمانی بەرنامەسازی Atari BASIC بۆ دروستکردنی بەرنامەیەکی نامگۆڕینەوە بە ناوی “Zucknet”. باوکی مارک کە پزیشکی ددان بوو، ئەو بەرنامەیەی لە ئۆفیسەکەیدا بەکارهێناوە بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵ نەخۆشەکانی.

ساڵی 2000: دروستکردنی سیناپس:
مارک هێشتا قوتابی ئامادەیی بوو کە ئەپڵیکەیشنی synapseی دروستکرد کە تایبەت بوو بە مۆسیقا، چەند کۆمپانیایەک لەوانە کۆمپانیای AOL و Microsoft ئارەزووی کڕینی کۆمپانیای Synapseهان هەبوو و لەگەڵیشی هەلی کاریان بە مارک بەخشی لە کۆمپانیاکانیان، بەڵام لە کۆتاییدا بڕیاریدا ئەپەکە بە خۆڕایی بخاتە سەر ئینتەرنێت.

ساڵی 2004: چیڕۆکەکە لێرە دەستی پێکرد:

لە 5ی شوباتی 2004، ساڵێک پێش وازهێنانی لە زانکۆ، مارک لەگەڵ هاوژوورەکانی( ئێدواردۆ ساڤێرین، ئەندرۆ مەککۆلوم، داستین مۆسکۆڤیتز و کریس هیوز) لە ژوورێکی بەشەناوخۆیی زانکۆی هارڤاردەوە “TheFacebook”یان دامەزراند و ئەوان نەیاندەزانی کە ئەو وێبسایتەی تەنیا بۆ زانکۆکەیان دروست کراوە رۆژێک دەبێتە بەناوبانگترین و پڕ بەکارهێنەرترین تۆڕی کۆمەڵایەتی لە هەموو جیهان.

ساڵی 2010: بەرەو جیهانیی بوون:
لە ساڵی 2010 ناوبانگی مارک بە جیهانیی بوو و وەک کەسایەتی ساڵی گۆڤاری تایمز هەڵبژێردرا

ساڵی 2012: ئیتر سینگڵ نەما و ئینستاگرامیشی کڕی:

زوکەربێرگ لە ساڵی 2012 هاوسەرگیری لەگەڵ پریسیلا چان خۆشەویستەکەی زەمانی کۆلێژی کرد و ئێستا ئەو دوو هاوسەرە خاوەنی دوو کچ و کوڕێکن، هەر لەو ساڵەدا مارک بە بڕی یەک ملیار دۆلار ئینستاگرامی کڕی.

ساڵی 2014: بەرەو دونیای مەجازی
دوای دوو ساڵ لە کڕینی ئینستاگرام، کۆمپانیای فەیسبووک واتسئەپی بە بڕی 19 ملیار دۆلار کڕی و بەوەش نەوەستا کۆمپانیای Oculus VRی بە دوو ملیار دۆلار کڕی، کە دروستکەری هێدسێتی مەجازی Oculus Rift، کڕینی ئەو کۆمپانیایە هەنگاوی هاتنە ناوەوەی فەیسبووک بوو بۆ بازاڕی تەکنەلۆژیای مەجازی.

2021: فەیسبووک بوو بە مێتا

زوکەربێرگ لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢١ ڕایگەیاند کە فەیسبووک ناوی کۆمپانیاکە دەگۆڕێت بۆ Meta Platforms, Inc، ئەم هەنگاوە رەنگدانەوەی دیدگای زوکەربێرگ بوو بۆ ئەوەی کۆمپانیاکەی تەنیا نەبەسترێتەوە بە سۆشیاڵ میدیا و زیاتر بەرەو مێتاڤێرس و تەکنەلۆژیای مەجازی هەنگاو بنێت.

مارک زوکەربێرگ لە 14ی ئایاری ساڵی 1984 لە ویلایەتی نیویۆرکی ئەمریکا لە دایک بووە، داهاتی مارک بە 165 ملیار دۆلار دەخەملێنرێت کە ئەمەش دەیکاتە چوارەم دەوڵەمەندترین مرۆڤی جیهان.

فەیسبووک رێگە لە کەناڵە هەواڵییەکان دەگرێت

فەیسبووک رێگە لە کەناڵە هەواڵییەکان دەگرێت