''جادەکانمان وێران دەکەن''

بارهەڵگرەکان رێی سکتانیشیان لێ داخرا

+964
گۆڤەند فەتاح – کۆیە

بارهەڵگرەکان حاڵیان حاڵ نییە لە هەموو لایەکەوە رێی هاتوچۆیان لێ داخراوە، ئەمڕۆ ویستیان رێی سکتان و سماقوڵی تاقی بکەنەوە، بەڵام خەڵکی ناوچەکە خۆڵیان لەسەر جادەکە مۆڵ کرد و دەڵێن حاڵی رێگاکەمان ئەوەندە باش نییە، ناهێڵین بارهەڵگرەکان بۆمان وێران بکەنەوە.

هەفتەی پێشوو خەڵکی کۆیە رێی هاتوچۆی بارهەڵگرەکانیان داخست، ئەو بارهەڵگرانە لە نێوان سلێمانی و هەولێرو باقی ناوچەکانی ئەم دوو پارێزگایە هاتوچۆ دەکەن.

بارهەڵگرەکان ئیتر ئەو رێگایەیان تەرک کرد و بە رێگا شوێنگرەوەکانی تر پەرت بوون، چوار رۆژە رێگەی سماقوڵی بەکاردەهێنن، بەڵام ئەمڕۆ رێگای سکتان و سماقوڵیشیان لێ داخرا.

شوان زیاد، یەکێک لە دانیشتووانی گوندی سکتان، بە 964ی وت، “بەشێکی رێگەکەمان ساڵێکە نۆژەنکراوەتەوە و بەشێکی تریشی هەر وێرانە، ئەم چەند رۆژەش ئەوەندەی تر وێرانیان کرد، جگە لەمەش شەو و رۆژ خەڵکی شارەکەیان بێزارکردووە لە دەنگی بەرزیان و ئەو جەنجاڵییەی کە دروستی دەکەن”.

رێگای سماقوڵی یەکێکە لە رێگا گرنگەکانی نێوان هەولێرو سلێمانی، ساڵی پار خەڵکی ناوچەکە ئەوەندە لە هاتوچۆی بارهەڵگرەکان بێزار بوون چەند رۆژێک چادریان هەڵداو رێگاکەیان داخست، ئیتر بارهەڵگرەکان وازیان لەو رێگایە هێناو وەزارەتی ئاوادەنکردنەوەش بەشێکی باشی رێگاکەی تازەکردەوە.

بارهەڵگرەکانیش کاریان وەستاوە و نازانن روو لە کوێ بکەن، دەڵێن دەچینە سەر هەر شەقامێک لێمان دادەخرێت.

پەیامنێری 964 ئێستا لای خەڵکی سکتانەو ناوە ناوە زانیاری تازە لەبارەی رێگاکەوە دەگەیەنێت.

رێگای کۆیە - هەولێر بەهۆی رێگری لە بارهەڵگرەکان داخراو...

رێگای کۆیە - هەولێر بەهۆی رێگری لە بارهەڵگرەکان داخراوە