ماستەر پلانی سۆران گۆڕدرا

964+

ئاسۆ وەرتێ – سۆران

بەهۆی فراوانی خێرا و زۆری خانووی زیادەڕۆ بڕیاری ماستەر پلانی سۆران گۆڕدرا و بەرپرسانی ئیدارەکەش دەڵێن لەمەبەدوا هەر گۆڕانکارییەک بکرێت بەپێێ ماستەر پلانی نوێ دەبێت.

 هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە 964+ـی راگەیاند: بەهۆی فراوانبوونی خێرای قەزای ناوەندی سۆران و بوونی چەندین کێشە و گرفت لە ماستەر پلانی ئێستادا، بڕیاردرا ماستەر پلانی سنووری ئیدارەی سۆران بگۆڕین

وتیشی “لەمەودوا ئەو بەشەی شار کە قەرارە فراوان بێت دەبێت بە پێی ماستەر پلانی تازە بەرفراوان بێت، ماستەر پلانی ئێستا کێشەوگرفتی هەیە، شوێنێک بۆ بابەتێک دیاریکراوە بووە بە شتێکی تر”.

گوڕینی ماستەر پلان سوودی بۆ هاوڵاتیان دەبێت، چونکە شوێنکی خزمەتگوزاری کراوە بە نیشتەجێبوون، ئێستا دەکرێتە نیشتەجێ و سەوزایەکەی لەشوێنێکی تر قەرەبوو دەکرێتەوە، بۆئەوەی کاریگەری نەبێت لە کەمی سەوزایی لە سنوری ئیدارەی سۆران”. سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران وادەڵێت.

قەزای سۆران ناوندی ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانە و سەر بە پارێزگای هەولێرە، ناوەندی قەزاکەش لە 57 گەڕەک پیکدێ، هەروەها چوار قەزای دیکەی بەسەرەوەیە ئەوانیش سیدەکان، مێرگەسۆر، چۆمان و رەواندز. جگە لەوانە ناحیەکانی دیانا، خەلیفان و 400 گوندی دیکەش لەخۆی دەگرێت.