داهاتی برنج چەندە؟
لە سێ گوندی دێرەلووک 150 دۆنم زەوی بێ برنج دەبن
964+
هیڤی دێوالی – دهۆک
لە ناحیەی دێرەلووک و لە سنووری قەزای ئامێدی ئەمساڵ نزیکەی 150 دۆنم زەوی ناکرێت بە برنج، سەرچاوەیەک بەرپرس لە کشتوکاڵ خۆجێی ئامێدی بە 964ی وت، “بەهۆی ناسەقامگیری شوێنەکە و جموجوڵی فرۆکە جەنگییەکانی تورکیا، جوتیاران ئاگاداریان کردووینەتەوە ناتوانن برنج بچێنن”.
رێژەی هەرە زۆری چاندنی برنجی لە سنووری قەزای ئامێدی لە ناحیەی دێرەلووکە، ساڵانە زیاتر لە 560 دۆنم زەوی دەکرێت بە برنج، زۆربەی جوتیارانی ناوچەکە برنجی شەش مانگی لە جۆڕی دەنک درێژ دەچێنن.
بەپێی زانیارییەکانی 964، کە لە سەرچاوەیەکی کشتوکاڵی ئامێدی دەستی کەوتووە، “ئەمساڵ سێ گوندی سنووری ناحیەی دێرەلووک (سەرگەلێ، بەرچی و گوهەرزێ) جوتیارەکان ناتوانن برنج بچێنین، بەهۆی ناسەقامگیری شوێنەکە و بە بەردەوامی فرۆکەکانی تورکیا لە نزیکی ئەو زەوییانە بۆردومان دەکات.
وتیشی، “ئەمساڵ نزیکەی 150 دۆنم زەوی برنجی لێ ناچێنڕێت،لە کاتێکدا لە هەر گوندێک بە تێکڕا 50 دۆنم زەوی ساڵانە دەکرا بە برنج”.
عیسمەت ئیبراهیم، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی ناحیەی دێرەلووک بە 964ی وت، “لە ئێستا جوتیاران خەریکی دروستکردنی رێگای جۆئاون بۆ زەوییەکان و کۆتایی مانگ دەست بە چاندنی برنجی شەش مانگی دەکرێت”.
وتیشی، “ئەمساڵ بەپێی پێشبینیمان بەرهەمی برنج لە سنووری قەزای ئامێدی کەم دەبێت، بەهۆی نا سەقامگیری ناوچەکە لە گوندەکان”.
964 دەزانێت، ساڵانە لە سنووری پارێزگای دهۆک رووبەرێکی زۆری زەوی دەکرێت بە برنج کە نزیکەی 20هەزار دۆنم زەوی دەبێت، تەنیا ساڵی رابردوو لە سنووری قەزای ئامێدی زیاتر لە 650دۆنم زەوی کراوە بە برنج، بەڵام ئەمساڵ رێژەکەی کەم دەبێتەوە.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا