براوەی نۆبڵی ئاشتییە

نادیە موراد کۆلێژی تەواو کرد

964+

بەهرە محەمەدئەمین

نادیە موراد کچە رزگاربووەکەی دەستی داعش لە شنگال و براوەی خەڵاتی نۆبڵ، لە ئەمریکا زانکۆی تەواو کرد.

نادیە لە پۆستێکدا لە تۆڕی ئێکس دەرچوونی خۆی لە زانکۆ راگەیاندووە و بە خاڵێکی وەرچەرخانی شایانی باس، وەسفی کردووە.

964 زانیویەتی، نادیە لە بەشی کۆمەڵناسیی زانکۆی ئەمریکا لە واشنتۆن خوێندکار بووە و ئەمڕۆ ئاهەنگی دەرچوونی لەو بەشە گێڕاوە.

لە پۆستەکەیدا بە بۆنەی تەواوکردنی زانکۆ، نادیە دەڵێت، ئەمڕۆ رۆژی ئاهەنگگێڕانە بۆ دەستکەوتەکانم بە یادی دایکی ئازیز و تەواوی ژنانی گوندەکەم کە منیان پێداگیرتر، بەهێزتر و خۆڕاگرتر کرد.

نادیە موراد لەدایکبووی 1993یە، کچێکی کوردی خەڵکی شنگالە، کاتێک داعش لە ساڵی 2014 هێرشی کردەسەر شنگال كەوتە دەست چەكدارانی داعش، پاش هەڵهاتنی، دەستیکرد بە گێڕانەوەی رووداو و تراژیدیاكانی خۆی و ژنانی دیکە .

لە ساڵی 2016 بووە باڵیۆزی نیازپاکی نەتەوە یەکگرتووەکان و لە 2018ش لەگەڵ دێنیس مۆکوێگی، بووە براوەی نۆبڵی ئاشتی.