مێژووی کێشەکان بۆ کەی دەگەڕێتەوە؟
جوتیارانى کورد بە داسێکەوە بەرامبەر سوپا و عەرەبى هاوردە وەستاون
964+
وریا فەتاح
ئێستا کە لە سنوورى کەرکوک و دەشتى نەینەوا خەریکە وەرزى دروێنەکردن تەواو دەبێت، بەڵام گەنم و جۆى جوتیارانى کورد دەستى لێنەدراوە و رێگە نادرێت دروێنەى بکەن، ئەوە جگە لەوەى هەر رۆژە و گەڕێکیان پێدەکرێت و دادگا و سوپاى عێراقیش لە دژى جوتیاران وەستاونەتەوە.
کێشەى جوتیارانى کورد و تورکمانى کەرکوک ریشەیەکى لەمێژینەى هەیە و دەگەڕێتەوە بۆ حەفتاکان و هەشتاکانى سەدەى رابردوو، بەشێوەیەک بە درێژایى زیاتر لە 40 ساڵە جوتیارانى کوردى کەرکوک لەم دۆخەدان.
رووبەرى ئەو زەویانەى جوتیارانى کورد و تورکمان لە سنورى کەرکوک کێشەى موڵکایەتییان هەیە، زیاترە لە یەک ملیۆن و 200 هەزار دۆنم زەوى، کە زۆرینەى زۆریان تاپۆى رەشى ساڵى 1937ـیان هەیە.
زەوى جوتیارانى کورد و تورکمان بەچەند بڕیارێک دەستیان بەسەرداگیراوە و جوتیارانى کورد ناچارکراون شوێنەکانیان جێبهێڵن و عەرەبى هاوردەیان کردووە بە خانەخوێ و خاوەن زەوى.
بڕیارەکان ئەمانەن: بڕیارى 949ى ساڵى 1975ـى حکومەتى ئەوساى عێراق، بڕیارى ئەنجومەنى سەرکردایەتى شۆڕش (مجلس قیادة ثورة) کە لە ساڵى 1982 دەرکرا، بڕیارى لیژنەى کاروبارى باکور لە ساڵى 1987، بەگشتى بەهۆى ئەم بڕیارانەوە یەک ملیۆن و 200 هەزار دۆنم زەوى لە جوتیارانى کورد و تورکمان سەندرایەوە و بەشى زۆرى درا بە عەرەبى هاوردە و بەشێکیشى بەناوى حکومەتى عێراقى کرا و جوتیارانى کوردیش ناچار بە قەرەبوویەکى ناچاریى کران کە بۆ هەر دۆنمێک یەک دینار و 25 فلسیان بە زۆرەملێ داوە بە جوتیاران.
هەرچەندە لە ساڵى 2012 ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق بە بڕیارى ژمارە 29، بڕیارەکانى لیژنەى کاروبارى باکورى هەڵوەشاندەوە و دۆخەکەى گەڕاندەوە بۆ خاڵى سەرەتا، بەڵام تائێستاى لەگەڵ بێت ئەو بڕیارە جێبەجێ نەکراوە.
ئێستا کە وەرزى دروێنەکردنە، دەبوایە جوتیارانى کەرکوک دروێنەى بەرهەمەکانیان کردبا و بەرى رەنج و ماندووبونیان وەرگرتبایەوە، بەڵام سوپاى عێراق رێگە نادات دەراسە بچێتە سەر زەوییەکان و حکومەتى هەرێم و نوێنەرانى کوردیش لە بەغدا تەقەى سەریان نایەت.