قەڵادزێ

زیاتر لە دوو تۆن سێو و خورما و پەنیرى نەشیاو بۆ خواردن دەستیان بەسەرداگیرا

964+

محەمەد عەلی ـ قەڵادزێ

لیژنە هاوبەشەکانى قایمقامییەتى قەڵادزێ، لەناو عەلوەى شارەکەدا دەستیانگرت بەسەر زیاتر لە دوو تۆن میوەى نەشیاو و بڕێکى زۆر خورما و پەنیر کە کەڵکى خواردنیان نەبووە.

کامەران حوسێن، سەرۆکی لیژنەى بازاڕ لە قایمقامییەتى قەڵادزێ بە 964ـی وت،”هەموو رۆژێک لیژنەکانمان دەرچوونى ناوبازاڕیان هەیە و گەڕان و پشکنین بۆ خواردەمەنى و میوە و کەلوپەلەکان دەکەن، هەر بۆیە دوێنێ یەکشەممە، لیژنەکانمان چوونە عەلوەى قەڵادزێ و پشکنینى تەواویان بۆ میوەو خواردەمەنییەکان کرد”,

بەوتەى کامەران حوسێن، لەناو عەلوەى قەڵادزێدا دەستیان گرتووە بەسەر دوو تۆن سێو و 80 کیلۆگرام خوارما و 10 کیلۆ پەنیر، کە شیاوى خواردن نەبوون.

“رێوشوێنی پێویست گیراوەتەبەر و لێپێچینەوە لەگەڵ خاوەنەکانیان دەکرێت و سزا دەدرێن”، سەرۆکی لیژنەکە وای بە 964 وت.

وەک ئەوەى باسى دەکات، هەموو ئەو خۆراک و میوە و بابەتە نەشیاوانەى دەستیان بەسەردا دەگیرێت، لە کۆگایەکى تایبەت دادەنرێت و هەر کاتێک بوو بە 10 تۆن، دواتر بەهاوکاری شارەوانی و ئاسایش و بەرگرى شارستانى لە شوێنی تایبەت ژێرخاک دەکرێت.

لیژنە بازاڕى قەڵادزێ پێکهاتووە لە نوێنەری قایمقامی قەڵادزێ، مەڵبەندی خۆپاراستن، نوێنەری ئاسایشی ئابوری، سەندیکای پیشەوەرانی قەڵادزێ، پۆلیسی شارەوانی قەڵادزێ.

وەک ئەوەى ئاشکراى دەکات، لەماوەی یەک ساڵدا نزیکەى 20 تۆن خۆراک و خواردنەوەو میوەی بەسەرچوو، دەستی بەسەردا گیراوە

پێداچوونەوە: وریا فەتاح