محەمەد جەواد زەریف _ وێنە: ئەلمۆنیتەر
لە بارەی کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکە
جەواد زەریف دەرکەوتەوە؛ ئەمریکا تاوانباری سەرەکییە
964+
ئەحمەد مستەفا
محەمەد جەواد زەریف، وەزیری پێشووی دەرەوەی ئێران، حکومەتی ئەمریکای بە “یەکێک لە تاوانبارانی سەرەکی” کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکەی ئیبراهیم رەئیسی و شاندی یاوەری ناودەبات.
میدیاکانی ئێران لە زاری ناوبراوەوە بڵاویانکردەوە، “یەکێک لە تاوانبارانی سەرەکی گیان لەدەستدانی سەرۆک کۆمار و شاندی یاوەری، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بووە، کە سەرەڕای فەرمانی دادگای نێودەوڵەتی، فرۆشتنی فڕۆکە و پارچەی فڕۆکەوانی بە ئێران خستووەتە چوارچێوەی گەمارۆوە”.
زەریف ئاماژەی بەوەشکردووە، “ئەمریکا رێگەی نەداوە بە خەڵکی ئێران، سوود لە دامەزراوە باشەکانی فڕۆکەوانی وەربگرن، بە دڵنیاییەوە ئەم کارەش لە لیستی رەشی تاوانەکانی ئەمریکا دژی نەتەوەی ئێران تۆمار دەکرێت”.
بەپێی هەواڵی میدیا ئێرانییەکان، ئەو هێلیکۆپتەرەی کە ئیبراهیم رەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران و وەزیری دەرەوە و شاندی یاوەرییانی هەڵگرتبوو، لە جۆری “بێل 212” بوو کە لە ئەمریکا دروستکراوە.
محەمەد جەواد زەریف ساڵی 2019، دەستی لە پۆستی وەزیری دەرەوەی ئێران کێشایەوە، ئەو کە ماوەی پێنج ساڵ وەزیری دەرەوە بوو بە ئەستێرەی دیاری ئێران لە پەیوەندییەکانی دەرەوە دەبینیرا.