هەورێسک.. نیشتمانی ئەرمەنەکان

موختاری ئەرمەنەکان لە گوندێک کەلوپەلی 100 ساڵەی پاراستووە

964+
هیڤی دێوالی – دهۆک

گوندی هەورێسک دەکەوێتە سنووری پارێزگای دهۆک و دانیشتووانەکەی ئەرمەنین، تاکە گوندە لەو ناوچەیە و تایبەت بێت بە ئەرمەنەکان، موختارەکەی لەسەر رادەستکردنی کەلوپەلی باب و باپیرانیان، داوایەکی شوێنەواری زاخۆی رەتکردووەتەوە.

ئەرمەنییەکان، نەتەوەیەکی نیشتەجێن لە بەرزایییەکانی ئەرمەنستان، لە رۆژئاوای ئاسیا، بەڵام بەسەر زۆرێک لە وڵاتانی جیهاندا دابەشبوون و ژمارەی ئەرمەنییەکان لە جیھاندا لە شەش تا ھەشت ملیۆن کەس دەبن و گەلێکن کە میراتێکی کولتووری کۆنیان ھەیە.

کەسایەتییەکی کۆن و ناوداری ناوچەکە، بە ناوی (محەمەد شەمدین ئاغای سلێڤانەیان)، یەکەم کەس بووە هاوکاری ئەرمەنەکانی کردووە و گوندی بۆیان تەرخانکرووە، یەکێک لەو گوندانە، گوندی هەورێسک بووە، لە ساڵی 1915 تا 1975 ئەرمەنەکان نیشتەجێبوون، دوای بۆردومانی رژێمی بەعس بۆ سەر گوندەکەیان لە ساڵی 1975، ئەرمەنییەکان کۆچیان کرد بۆ موسڵ و بەغدا، بە چەند قۆناغێک دواتر بەشێکیان گەڕاندەوە.

ئەوەی لێرە جیاوازە، موختاری گوندەکە لە ماڵەکەی خۆی ژمارەیەک زۆر لە کەلوپەلی ئەرمەنییەکانی پاراستووە کە گوزارشت لە کلتوری کۆنی ئەرمەنەکان دەکات و دەڵێت، “مێژووەکەیان زیاتر لە 100 ساڵە و لە باب و باپیرانمەوە بۆم ماونەتەوە”.

موراد ماردیرۆس ڤارتانیان، موختاری گوندەکەیە، بۆ 964 قسەی کردووە و دەڵێت، “ئەو کەلوپەلانەی هەڵمگرتوون 26 چەکی کۆن و شەش دەمانچە و چەند چەقۆیەکن، لەگەل ئەو وێنانەی باب و باپیرانم لە ئاهەنگەکانی ئەرمەنییەکان تۆماریان کردووە کە 115 ساڵ پێش ئێستا تۆمار کراون”.

ئەو وتی، “تاوەکو کۆتایی تەمەنم پارێزگاری لەو مێژووە دەکەم، پێشتر شوێنەواری زاخۆ داوایان لێکردم کە ئەو کەلوپەلانە ببەمە شوێنەواری زاخۆ، بەڵام من رازی نەبووم ئامادە نیم دەستبەرداریان ببم”.

ئارداس سیومن، دانیشتوانی گوندەکەیە ئەو بە 964 وت، “لە ساڵی 2006 وە من لەم گوندە نیشتەجێم، لە گوندەکەمان ماڵی موختار هەیە، کە کەلوپەلی مێژووی ئەرمەنییەکانی لێیە و هەر کەسێک سەردانی گوندەکەمان بکات دەچێتە ئەو ماڵە بۆ بینینی ئەو مێژووە و ئێمەش وەک رەمزی خۆمان سەیریان دەکەین”.

گوندی هەورێسک دەکەوێتە دەشتی سلێڤانەیان لە سنووری قەزای سێمێل لە ساڵی 2006 لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان 115 خانوو، لەگەڵ دێرێک و قوتابخانەیەک و هۆڵی ئاهەنگەکان بۆ ئەرمەنەکان دروستکراون، لە ئێستادا نزیکەی 75 خێزان نیشتەجێن کە هەندێک سەرقاڵی کاری کشتوکاڵین و هەندێکی دیکەیان لە دەرەوەی گوندەکە کار دەکەن.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا

یادی 108 ساڵەی جینۆسایدی ئەرمەنەکان لە دهۆک

یادی 108 ساڵەی جینۆسایدی ئەرمەنەکان لە دهۆک

دەرهێنەری فیلمەکە: بێ سەروبەری بە فێستیڤاڵەکەوە دیارە...

دەرهێنەری فیلمەکە: بێ سەروبەری بە فێستیڤاڵەکەوە دیارە، بەڵام خۆشحاڵبووم هاتم