یانەکە دابەزیووە بۆ پلە دوو
بێ پارەیی بەرۆکی یانەی خانەقین بەرنادات
964+
راژان باجەڵان – خانەقین
چەند ساڵێکە یانەی خانەقین بە خراپترین دۆخی داراییدا تێدەپەرێت و تا گەیشتووەتە ئەو رادەیەی یاریگەیەکی خراپبوویان هەیە و توانای چاککردنەوەیان نییە.
حسێن شێرزاد، بەرێوەبەری یانەی خانەقین بە 964ی وت، “یانەی خانەقین بە بارێکی دارایی زۆر خراپدا دەڕوات و نە پارەی چاککردنی دیوارە رووخاوەکانی یاریگاکەمان هەیە و نە دەتوانین زەوییەکە چاکبکەین کە ئەم وەرزە هیچ یارییەکمان لەسەری نەکردووە”.
ئەوەشی وت، مانگی پێشوو وەفدێک لە لاوان و وەرزشی دیالەوە سەردانی یاریگاکەی کردووە و بەڵێنی خەرجکردنی 850 ملیۆن دیناریان داوە، بەڵام تا ئێستا هیچیان بەدەست نەگەشتووە.
رۆژی 16.2.2024 دوای ئەوەی لافاو لەبەشێکی رۆخی چیای کەڵاتەوە راستەوخۆ بەرەو ناو یاریگای یانەی خانەقین هات و لە چوار شوێنی جیاجیاوە دیوارەکانی روخاند و ئەمڕۆش دوای تێپەڕبوونی زیاد لە دوو مانگ لەسەر ئەو رووداوە هێشتا زۆربەی چاکنەکراوە و بە رووخاوی ماوەتەوە.
یاریگای خانەقین ناسراو بە (تەیارە خانە) ئەمساڵ سەرجەم یارییەکانی یانەکە لە دەرەوەی خانەقین کراوە بەبێ هاندەران و ئەوەش یەکێک بووە لە هۆکارەکانی دابەزینی یانەکە بۆ پلە دوو.
پیداچوونەوە: فەهمی نەبی