"جوچک ناکەین بە مریشک"

لەسەر هەڵوێستی خاوەن کێڵگەکان چاودێری بازاڕ چی دەکات؟

964+
ئەحمەد مستەفا

سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان دەڵێت، “خاوەن کێڵگەکان ئاگاداریان کردوونەتەوە، چیتر ناتوانن جوچک بخەنە ناو کێڵگەکانیانەوە و مریشک بەرهەمبێنن، بەهۆی ئەوەی تێچووی بەرهەمهێنان لەسەریان زیادی کردووە”.

نوێنەری چاودێری بازرگانی سلێمانی ئەوەی بە 964 وت، “ئەوان لیژنەیان هەیە و چاودێری بازاڕ دەکەن، مانگانەش کۆبوونەوەیان لە قایمقامیەت دەبێت”.

ئەمڕۆ سێشەممە 7.5.2024، نرخی مریشک لە سلێمانی لە نێوان دوو هەزار و 400 دینار، بۆ دوو و 500 دینار بووە، لە هەرێمی کوردستاندا یەک هەزار و 894 کێڵگەی پەلەوەری تۆمارکراوە هەیە، کە لەو رێژەیە کەمتر لە 400 کێڵگە دەکەونە سلێمانی.

نازم عەبدوڵا، سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکانی سلێمانی ئەوەی بە 964 وت، “بەشێک لە خاوەن پرۆژەکانی بەرهەمهێنانی مریشکی زیندوو ئاگاداریان کردووینەتەوە، لە راگرتنی تێکردنی جوچک بۆ ناو هۆڵەکانی بەرهەمهێنانی مریشک، ئەمەش وادەکات لە ئایندەدا نرخی مریشکی زیندوو گران بێت”.

بە قسەی نازم عەبدوڵا، “لە ئێستادا نرخی جوچک 40 سەنت گرانبووە، هەروەها نرخی جۆرە جیاوازەکانی عەلەف گران بە رێژەی جیاواز گران بووە، تێچووی بەرهەمهێنانی مریشکیش دوو هەزار و 600 دینارە، بەڵام بە دوو هەزار و 100 دینار دەفرۆشرێت، ئەوە لە کاتێکدا هاوردەکردنی مریشکی بەستوو بەردەوامە”، ئەو وتی، “ئەم هۆکارانە وادەکەن کە خاوەن کێڵگەکان والێدەکات مریشک بەرهەم نەهێنن و گرانبوونی مریشکی زیندو بەدوای خۆیدا دەهێنێت”.

رۆژی سێشەممە 9.1.2024، نازم عەبدوڵا، سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەریەکان بە 964ی وت، لە ساڵی 2023 ئەو زەرەر و زیانەی لە خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکان (فەڕمی و نافەڕمی)ییەکان کەوتووە، دوو هەزار و 500 هۆڵی گرتووەتەوە، هەر هۆڵێک 30 ملیۆن دینار زیانیکردووە.

بەقسەی ئەو، “زەرەر و زیانەکان هۆکاری ئەوەبووە چوار مانگ، مریشک هەر کیلۆیەکی بە دوو هەزار و 100 دینار بووە و نەخۆشییەکی زۆریش لە ناو هۆڵەکانی بەخێوکردندا بڵاوبووەتەوە”.

لە لایەی دیکەوە، بڵند ئەحمەد، نوێنەری چاودێری بازرگانی سلێمانی ئەوەی بە 964 وت، “تائێستا ئەو لە هەڵوێستێکی لەو جۆرە ئاگادار نییە، بەڵام ئەوان نوێنەریان هەیە کە رۆژانە چاودێری نرخی مریشک دەکەن و مانگانەش لیژنەکانیان لە قایمقامیەتی سلێمانی لەسەر نرخ و بڕی دابینکاری جوچک کۆدەبنەوە”.

سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان: لە زەرەر و زیانێکی...

سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان: لە زەرەر و زیانێکی زۆرداین

سێ نەخۆشیی ڤایرۆسی لەناو کێڵگە پەلەوەرییەکان بڵاوبووە...

سێ نەخۆشیی ڤایرۆسی لەناو کێڵگە پەلەوەرییەکان بڵاوبووەتەوە