دانیشتووانی گوندی باڵەکیان خۆپیشاندانیان ئەنجامدا
+964
ئاسۆ وەرتی
بە دوو هێڵی کارەباوە گوندی باڵەکیان رووناک ناکاتەوە، ئەمەش دانیشتووانەکەی توڕە دەکات و دژی خاوەن مۆلیدەی گوندەکەیان رێگەی سۆران مێرگەسۆریان داخست.
ئەمشەو بەهۆی نەبوونی کارەبای مۆلیدەو نیشتمانی دانیشتووانی گوندی باڵەکیانی سەر بەقەزای سۆران، بۆ ماوەی دوو کاتژمێر رێگای مێرگەسۆر سۆرانیان داخست.
دانیشتووانی باڵەکیان دەڵێن، زیاتر لە چوار شەوە کارەبای مۆلیدەو کارەبای نیشتمانیمان نییە، زیاتریش کە مۆلیدەی گوندەکە بێزارن کە توانای پێدانی 600 ئەمپێر کارەبای هەیە، کەچی 250 تاوەکو 300 هاوبەشی هەیە، ئەگەر هەر هاوبەشێک سێ ئەمپێر کارەبای راکێشا بێت، ئەوا دەکاتە سەرووی 750 ئەمپێر.
خۆپیشاندەرانی گوندی باڵەکیان، رێگەی سۆران بۆ مێرگەسۆریان داخست، بەڵام دوای دوو کاتژمێر بە زەبر هێزە ئەمنییەکانی سۆران، بڵاوەیان بە خۆپیشاندەران کرد، بەرپرسانی خۆجێی ناوچەکەش بەڵێنی چارەسەرکردنی کێشەکەیان پێدان.
بەشێکی خۆپیشاندانی خەڵکی باڵەکیان بێزاری بووە لە خاوەن مۆلیدەی گوندەکە، وەک محەمەد عەزیز دانیشتووی گوندەکە بە +964ـی وت “کارەبای مۆلیدەی بەشێکی گوندەکەمان خراپە، زوو دەپچرێ و دێتەوە ئەمەش وایکردووە هاوڵاتییان بێزار بن، چیتر بەرگەی ئەو دۆخە نەگرن، ناچار رێگاکەمان داخستووە”.
گوندی باڵەکیان سەربەقەزای سۆرانە، بژێوی ژیانیان لەسەر کشتوکاڵ و ئاژەڵدارییە.