بەخۆڕایی وەریگرن

لە پێجوێن 10 هەزار سنەوبەر دەچێندرێت

964+

کامیار کەمال – پێنجوێن

رێکخراوێک 10 هەزار سنەوبەری بەخشیووە بە قەزای پێجوێن، نەمامەکان گەیشتوونەتە سەرۆکایەتی شارەوانی و هاوڵاتییان دەتوانن بچن بەخۆڕایی  وەریبگرن، بەڵام بەمەرج.

رەوف رەشید سەرۆکی شارەوانی پێنجوێن بە 964ی راگەیاند، ئەمڕۆ بەشی دووەمی 10 هەزار نەمام گەیشتووەتە سەرۆکایەتی شارەوانی قەزای پێنجوێن، ئەو نەمامانە دەدرێت بە هاوڵاتیان و بەشێکیشی لە پلانی شارەوانیدایە و بەهاوبەشی لەگەڵ پرۆژەی پێنجوێن شاری فێربوون دەچێندرێت.

لەماوەی رابردوودا گوژمەی یەکەمی سنەوبەرەکان چوار هەزاری گەیشتبوو، ئەمڕۆش شەش هەزارەکە گەیشت و بەسەر هاوڵاتییان دابەش دەکرێت.

بەوتەی سەرۆک شارەوانی پێنجوێن، هاوڵاتیان چەندیان بوێت دەتوانن داوای بکەن، بەڵام بەو مەرجەی خزمەتی بکەن، ئەوەی نەمامەکە وەردەگرێت پرسیاری لێدەکرێت سەبارەت بە جێگای ناشتنی نەمامەکە و ئەو کەسەشی ئاوی دەدات.

شارەوانی پێنجوێن دەڵێت، تەواوی ئەو نەمامانەی نێردراون سنەوبەرن ئەوەش زیاتر بۆ بلواری شەقامەکان و ناوباخچەکان گونجاوە و دەکرێت بۆ ئەو جێگایانە سوودی لێ وەربگیرێت.

پڕۆژەکە لەلایەن شەتڵگەی سەرچنار و بە پاڵپشتی رێکخراوی WPF دراوەتە قەزای پێنجوێن

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی