"ئەم هەفتە کۆدەبنەوە"

وەزیر ئەو بڕە نەوتەی هەرێمی ئاشکراکرد کە دەست بە هەناردەکردنی دەکەنەوە

964+
ئەحمەد مستەفا

ئەمڕۆ شەممە، وەزیری نەوتی عێراق ئەو بڕە نەوتەی ئاشکراکرد کە هەرێمی کوردستان ئاڕاستەیان دەکات تا لە رێگەی کۆمپانیای بە بازاڕکردنیی نەوتی عێراق (سۆمۆ) هەناردەی بکەن و وتی، “ئەم هەفتەیە گفتوگۆی هەردوو لیژنەی تەکنیکی و یاسایی دەگەنە ئەنجام”.

“بڕیارە هەرێمی کوردستان نزیکەی 329 هەزار بەرمیلی رۆژانە، رادەستی وەزارەتی نەوتی عێراق بکات”.

حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوت کە لە هەمانکاتدا جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراقە بۆ کاروباری وزە و نەوت بە پێگەی (بغداد الیوم)ی وتووە، “بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان لە ئێستادا بڕی 375 هەزار بەرمیلە لە رۆژێکدا، کە 46 هەزار بەرمیلیان دەچێتە پاڵاوگەکانی ناوخۆ و بڕیارە نزیکەی 329 هەزار بەرمیلەکەی دیکە رادەستی وەزارەتی نەوت لە حکومەتی فیدراڵی بکرێت، بۆ ئەوەی ئەو بڕە لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە هەناردە بکرێت”.

بە قسەی حەیان، “دوو لیژنەیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان پێکهێناوە، بۆ بەردەوامبوون لە تەواوکردنی لێکتێگەیشتنەکان، لەم هەفتەیەدا بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکان بە یەکجاری سەبارەت بە کەیسی رادەستکردنی نەوتی هەرێم بە ئەوان کۆدەبنەوە”، تا لە رێگەی سۆمۆوە هەناردە بکرێت”، ئاماژەی بەوەش کردەوە “ئەو گفتوگۆیانە لەوانەیە لەم هەفتەیەدا ئەنجام بدرێن”.

بە گوێرەی راپۆرتە بڵاوکارەکانی پێگەی دیلۆیت، لە ساڵی 2013، کۆمپانیاکانی بواری نەوت لە هەرێمی کوردستان بڕی یەک ملیار و 600 ملیۆن بەرمیل نەوتیان لە سەرجەم کێڵگە نەوتییەکان بەرهەمهێناوە، هەروەها ئەو کۆمپانیایانەش نزیکەی 12 بۆ 14 ملیار دۆلار وەبەرهێنانیان کردووە.

وەزارەتی نەوتی عێراق، پێشتر ئەو کۆمپانیا بیانییانەی کە لە کەرتی نەوتدا کاردەکەن لە کوردستان، بەرپرسیارێتی وەستاندنی هەناردەکردن لە رێگەی بۆریی نەوتی عێراق – تورکیا لە مانگی ئازاری رابردووەوە خستبووە ئەستۆیان.

کۆمەڵەی ئەپیکۆر، هاوپەیمانی هەشت کۆمپانیای کەرتی نەوتە، کە لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن و لە سەدا %50ی نەوتیان بۆ تورکیا هەناردە دەکرد، لە بەیاننامەیەکدا بانگەشەی ئەوەیان کردووە، “حکومەتی عێراق هەنگاوی گرنگی نەناوە بۆ کردنەوەی بۆری نەوتی عێراق – تورکیا و دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان”.

پێشتر، هەرێمی کوردستان، بە پێی داتای وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، رۆژانە بڕی 450 هەزار بەرمیل نەوتی هەناردەی تورکیا دەکرد، بۆ دەستەبەرکردنی موچەی فەرمانبەرانی و خەرجییە داراییەکانی، بەڵام ئێستا لەگەڵ حکومەتی عێراق و کۆمپانیاکانی بواری نەوت، کۆبوونەوەیان هەیە تا ئالیەتی نوێی هەناردەکردن دابڕێژن و لەسەری رێک بکەون.

وەزیرى نەوتى عێراق: دوو لیژنە بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی...

وەزیرى نەوتى عێراق: دوو لیژنە بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم دروستکراون