دانیشتووی ناحیەی زەڕایەن بوو

تەرمی گەنجە کوژراوەکەی دانکیخ دەگەڕێندرێتەوە هەرێمی کوردستان

964+
ئەحمەد مستەفا

ئەو گەنجە کوردەی سەرەتای مانگی نیسانی ئەمساڵ لە جەنگەڵی دانکیخ-ی فەڕەنسا کوژرا، ئەمڕۆ شەممە 4.5.2024 تەرمەکەی لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، دەگەڕێندرێتەوە هەرێمی کوردستان.

گەنجەکە ناوی، (نەریمان محەمەد عەبدولقادر گەڵاڵی)یە و  دانیشتووی ناحیەی زەڕایەن بووە لە قەزای شارەزوور، بە مەبەستی گەیشتن بە وڵاتی بەریتانیا رێگەی کۆچی هەڵبژاردبوو.

کەسوکارەکەی لە بڵاوکراوەیەکدا دەڵێن، ”ئەمڕۆ تەرمی ( نەریمان محەمەد عەبدولقادر گەڵاڵی) ناسراو بە (کاروانی گەردە) کە لە وڵاتی فەرەنسا بە شێوازێکی دڕندانە و نامەردانە کوژرا، کاتژمێر( 10:00ی سەر لەبەیانی ) تەرمی جوانە مەرگ لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە دەگاتەوە كوردستان و  هەمان رۆژ لە مزگەوتی دەروازەی زەڕایەن، نوێژی لەسەر دەکرێت و دواتر لە گۆرستانی(ئەحمەد بڕنە) بە خاك دەسپێردرێت”.

پشتیوان مەحمود، بەڕێوەبەری پێگەی پشتی نیوز بۆ رووماڵی کاروباری پەنابەران ئەوەی بە 964 وت، “بە وتەی ژمارەیەک شایەتحاڵی کورد بێت، ئەو گەنجە کوردە کە تەمەنی لە 30 بۆ 35 ساڵ دەبێت، ئێوارەی رۆژی دووشەممە 2.4.2024 بە چەقۆ لە ناو جەنگەڵی دانکیخ کوژراوە، بەپەلە هێزی فریاکەوتنی فەڕەنسا گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە، بەڵام گەنجە کوردەکە چەندین چەقۆی بەر سنگی کەوتبوو، نەیان توانیوە ژیانی رزگار بکەن”.

ئەوەشی وت، “پۆلیسی فەڕەنسا پاش رووداوەکە، دەستی بە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون لەسەر رووداوەکە کردووە، تا ئێستا تاوانبار دەستگیر نەکراوە و هۆکاری رووداوەکەش تا ئێستا روون نییە”.

پەنابەرێکی کوژراو دەگەڕێندرێتەوە هەرێمی کوردستان

پەنابەرێکی کوژراو دەگەڕێندرێتەوە هەرێمی کوردستان