رێگە نادەن خاوەن پرسە خواردن دروست بکات
لە گوندێکی هەولێر دەیان ساڵە نەریتی “شیوە غەریبە” هەر ماوە
964+
ئەحمەد شەمزین – هەولێر
لە گوندی پیرداودی نزیک هەولێر نەریتی “شیوە غەریبە” هەر ماوە، بۆ ژەمەکان خەڵک خواردن دەبەنە مزگەوت و بەیەکەوە نان دەخۆن.
“شیوە غەریبە” چییە؟
نەریتكی کۆنە، کاتێک ماڵێک کەسێکیان لێ دەمرێت، دەرودراوسێ رێگەنادەن خاوەن پرسە خواردن دروست بکات، هەر ماڵێک لە گوند لە ژەمەکان بەشی دوو بۆ سێ کەس خواردن دروست دەکات، وشەی “شیو” لەچەند ناوچەیەک بە خواردن دەوترێت، ئەو کەسانەی بەتەمەنن دەڵێن دوو بۆچوون هەیە لەبارە ناوی شیوە غەریبە، ئەو خواردنەی کۆدەکرێتەوە لە ژەمەکان خاوەنەکانیان دیار نییە بۆیە ئەو ناوەی پێی دەڵێن، بۆچوونی دووەم ئەوەیە، تا خاوەن پرسە هەست بە غەریبی نەکات و وابزانێت کە هەموان خاوەنی پرسەکەن.
تەحسین حەسەن دانیشتووی گوندی پیرداود بۆ 964 وتی، “لەتەمەنی هەشت ساڵیەوە بەبیرم دێت ئەو نەریتە لە گوندی پیرداود هەبووە لە زۆربەی گوندەكانی دەوروبەری هەرماوە، بەڵام زیاتر لە 65 ساڵە، من بەشداریم كردوە لەم نەریتە”.
ئەم نەریتە وەنەبێ تەنیا بۆ پیاوان بێت، بەڵکو بۆ شوێنی پرسەی ژنانیش دەچێت، ئێواران خواردنی زیاتر لە 100 کەس ئامادەدەکرێت.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی