دزی لە 50 شوێنەواری ئاکرێ کراوە

964+

عەمار عەزیز – دهۆک

بەهۆی نەبوونی پاسەوانەوە 50 شوێنەواری مێژوویی ئاکرێ دەستکاریکراون و پارچەیان لێدزراوە. بەڕێوەبەرایەتی شوێنەوار داوای 100 پاسەوان دەکات بۆ پاراستنیان.

بە سۆراغی 964+ زیاتر لە 500 شوێنەواری مێژوویی لە قەزای ئاکرێ و بەردەڕەشی سەر بە پارێزگای دهۆک بوونیان هەیە. بەڵام تەنها 15 پاسەوان بۆ چاودێریکردنیان دامەزرێندراون.

هیوا شیمال ئەحمەد، بەرێوەبەری شوێنەوار و کەلەپووری قەزای ئاکرێ بە 964+ـی راگەیاند: گروپێک لە ماوەی دە ساڵی رابردوودا دروستبوون و دەستکاریی شوێنەوارەکان دەکەن و پارچەیان لێدەدزن. 

دەشڵێت؛ 50 شوێنەوار دەستکاری کراون، کە زیاتر کەنیسە و ئەشکەوتن.

گرووپەکە لە دوای ساڵی 2013ـەوە دروستبوون و “تا ئێستا دەستگیرنەکراون”.

هیوا شیمال وتیشی “داوامان کردووە 100 پاسەوانمان بۆ دابمەزرێندرێت، چونکە بە 15 پاسەوانەوە ناتوانین هەموو شوێنەوارەکان بپارێزین، بەڵام تا ئێستا وەڵاممان نەدراوەتەوە”.