سێ کاتژمێر بە دوای وەڵامدا گەڕاین دەست نەکەوت

ئەمنستی رەخنەی توندی هەیە لەسەر ئازادی رۆژنامەگەری لە هەرێم

964+

ژووری هەواڵ

رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی رەخنەی توندی لەسەر ئازادی رۆژنامەگەری لە هەرێمی کوردستان گرتووەو رایدەگەیەنێت: دەبێت دەسەڵاتدارانی هەرێم کوردستان سنورێک دابنێن بۆ دەستدرێژی کردنە سەر مافی ئازادی رادەربڕین و ئازادی رۆژنامەگەری، دەبێ رێبگیرێت لە دەستگیرکردنی هەڕەمەکی و ئازاردانی و دادگاییکردنی ”ستەمکارانە”.

ئەمڕۆ 3ی ئایار رۆژی جیهانی ئازادی رۆژنامەگەرییە، ئەمنیستی ئینتەرناشناڵ هەر بەو بۆنەیەوە راپۆرتێکی دوورو درێژی لەسەر بارودۆخی میدیا لە هەرێمی کوردستان بڵاوکردووەتەوە، تیایدا هاتووە: ”لە ماوەی سێ مانگی رابردوودا 10 رۆژنامەنوس بە تۆمەتی جیاواز لە هەرێمی کوردستان دەستگیر کراون یان بانگهێشت کراون بۆ لێکۆڵینەوە”.

ئەوانەی چاودێری کاروباری میدیا دەکەن و سەرو سۆراغێکیان هەیە لەگەڵی، پێیان وایە دەبێت حکومەتی هەرێم ئەم جۆرە راپۆرتانە فەرامۆش نەکات، چونکە بۆ ناوو ناوبانگی کوردستان خراپە، 964 لەوەی پرسی ئاخۆ ئەم راپۆرتانە چ کاریگەرییەکیان هەیە؟

د. سامان فەوزی، پسپۆڕی یاسای راگەیاندن بە 964ـی وت: ”راپۆرت و رەخنەی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەبێت بە هەند وەربگیرێن، چونکە کاریگەرییان دەبێت لەسەر رای گشتی ئەو وڵاتانەی کە پەیوەندییان لەگەڵ هەرێم هەیە و ئەو وڵاتانەش بۆچوونی هاوڵاتییانی خۆیان بەلاوە گرنگە”.

د. سامان هەم مامۆستای زانکۆیە و بۆ خولێکیش ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بووە، ئێستا لە شارەزاترین ئەو کەسانەیە کە سەر لە یاساکانی میدیا دەردەکات و هەم میدیاکاران و هەم رێکخراوەکان بۆ پرس و را بۆی دەگەڕێنەوە، ئەو دەڵێت: “کاتێک بکوژی رۆژنامەنوسان دەستگیر ناکرێن، ئەمە کاریگەری دەبێت لەسەر پێگەی هەرێم و دەبێتە مایەی رەخنەگرتن لەلایەن رێکخراوەکان”.

لە راپۆرتەکەی رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیدا هاتووە ”دەسەڵاتدارانی هەرێم شانازی بەوە دەکەن کە ئازادیی رۆژنامەگەری لە هەرێم هەیە، بەڵام ئەوە بانگەشەیەکی گاڵتەجاڕانەیە و ئازادی رۆژنامەگەری پێشێلدەکرێت و هەراسانکردن و تۆقاندن و دادگاییکردنی رۆژنامەنووسان بەردەوامە، بەتایبەتی دژی ئەوانەی کە راپۆرتیان لەسەر دۆسیەکانى گەندەڵی نوسیوە یان رەخنەیان لە دەسەڵاتداران دەگرن”.

راپۆرتەکە لە هەندێ جێگەدا گەڕاوەتەوە بۆ داتاکانی سەنتەری میترۆ، ئەو رێکخراوەی چاودێری پێشێلکاری بەرامبەر بە رۆژنامەنووسان دەکات.

رەحمان غەریب، بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ بە 964ـی راگەیاند، “بێگومان ئەم راپۆرتانەی کە بڵاودەکرێنەوە لەلایەن ناوەندە نێودەوڵەتییەکان و رێکخراوەکانی چاودێرەوە لەبارەی ئازادی رۆژنامەگەری گرنگی خۆی هەیە و دەبێت ببێتە هۆی چاوخشاندنەوە بە دۆسیەی مافی مرۆڤ بە گشتی و ئازادی رۆژنامەوانی”.

بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ وتیشی، ”ئەو رێکخراوانە راپۆرتی رەخنەگرانە دەردەکەن بەهۆی پەرۆشیان بۆ فروانکردن و پتەوکردنی دیموکراسی لە هەرێمی کوردستان و نابێت وەک دوژمن تەماشا بکرێن”.

تائێستا حکومەتی هەرێم و کاربەدەستانی حکومەت لەسەر ئەم راپۆرتە قسەیان نەبووە، 964 هەوڵیدا بزانێ ئەوان چی دەڵێن، بەڵام نزیکەی سێ کاتژمێر بۆ وەڵامێک گەڕاین و بێ ئەنجام بووین.

دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانە و بەردەوام وەڵامی ئەم جۆرە راپۆرتانە دەداتەوە، 964 هەشت جار پەیوەندی پێوەکرد وەڵامی نەدایەوە، پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێم وەڵامی چوار جار پەیوەندی و نامەی واتساپی نەدایەوە، هێمن لهۆنی، بەرپرسی ئۆفیسی دەستپێشخەریی و پەیوەندییەکان لە نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان وەڵامی دایەوە، بەڵام وتی ”من قسەی لەسەر ناکەم”.

پەیامنێرانی بێسنوور لەبارەی ئازادیی رۆژنامەوانی: عێرا...

پەیامنێرانی بێسنوور لەبارەی ئازادیی رۆژنامەوانی: عێراق لە هێڵی سووردایە