چیتر ماهیر حەسەنی رابردوو نابیننەوە
964+
دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی
کورتەفیلمی ژان نوێترین بەرهەمی هونەرمەند ماهیر حەسەنە، کە بەشێوەیەکی جیاواز تیایدا دەردەکەوێت و دەڵێت: چیتر ماهیر حەسەنی رابردوو نابیننەوە.
کورتەفیلمەکە لەسەر خەرجی ماهیر حەسەن بەرهەم هاتووە، سیناریۆی فیلمەکە لە لایەن لەیلا باخبیراوە نووسراوە و بورهان ئەحمەد کاری دەرهێنانی بۆ کردووە.
ماهیر حەسەن، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە شاری سلێمانی سەبارەت بە کورتەفیلمەکە رایگەیاند: فیلمەکە باسی کێشەیەکی کۆمەڵایەتی دەکات، کە لە ئێستای کۆمەڵگەی کوردیدا بەربڵاوە و زۆر کەم دەستی بۆ براوە.
ئاماژەی بەوەشدا، لە فیلمی سینەمایی 09 و لەم کورتەفیلمەشدا جیاواز لە رابردوو رۆڵی گێڕاوە، کە زیاتر کۆمیدیا بووە “دەمەوێت ئەو ماوەی بۆ کارکردن ماومە جیاواز لە رابردوو کار بکەم”.
کورتە فیلمەکە لە شاری سنە لە رۆژھەڵاتی کوردستان وێنەی گیراوە و ماھیر حەسەن تاکە ھونەرمەندی هەرێمی کوردستان بووە بەشدار بووە لەو فیلمەدا.
“نووسینی سیناریۆی فیلمەکە هی لەیلای خێزانمە و وەک دەرهێنەری دووەمیش لەگەڵمدا بووە، خەرجی فیلمەکەش لە ئەستۆی کاک ماهیر خۆی بووە”، بورھان ئەحمەدی دەرھێنەری فیلمەکە لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا وای وت.
وا بڕیارە فیلمی ژان لە بەرواری 19ـی ئەم مانگەوە لەسەر شاشەی سینەما سالم لە شاری سلێمانی پیشان بدرێت.
شیما مەلایی، ئەکتەر لە فیلمی ژان بە 964+ـی راگەیاند: ڕۆڵی مریەمی گێڕاوە لە فیلمی ژاندا، کە ژنێکە ماوەیەکە لە مێردەکەی جیابووەتەوە و کچێکیان ھەیە، بەڵام منداڵەکەیان دووگیانە و دەیانەوێت لەگەڵ هاوسەری پیشوویدا کێشەکە چارەسەر بکەن.