لۆگۆی یەکێتیی سەندیکاکانی کوردستان
هۆبەی تایبەتیان هەیە
ژنانی کرێکار دەتوانن لە لقی سلێمانی سەندیکای کرێکاران سکاڵا تۆمار بکەن
پێشەوا محەمەد
لقی سلێمانیی سەندیکای کرێکارانی کوردستان هۆبەیەکی تایبەت بە تۆمارکردنی سکاڵایان بۆ ژنانی کرێکار هەیە و سەرۆکی لقەکە دەڵێت، ئەو هۆبەیە تەنیا لە سلێمانی هەیە.
بەپێی زانیارییەکانی سەندیکاکە، ئەو هۆبەیە بۆ ئەو ژنە کرێکارانەیە، کە نایانەوێت بچنە دادگا سکاڵا تۆمار بکەن و لەوێوە ئیشوکارەکانیان بۆ دەکرێت.
چالاک رەئوف، سەرۆکی لقی سلێمانیی سەندیکای کرێکاران بە 964ـی راگەیاند، هۆبەکە هاوکاریی ژنانی کرێکار دەکات تا سکاڵا لای ئەوان تۆمار بکەن و کارەکانیان بۆ بکەن و کەیسەکانیان بۆ ببەنە دادگا.
وتیشی، “بەشێک لە ژنانی کرێکار بەهۆی بارودۆخی کۆمەڵایەتییانەوە نایانەوێت بچنە دادگاکان، بۆیە هانا بۆ سەندیکاکە دەهێنن و ئەو هۆبەیەش لەسەر داواکاریی ئەو ژنانە دروستکراوە و کارە یاساییەکانیان بۆ دەکرێت”.
سەندیکای کرێکارانی کوردستان حەوت لقی هەیە و بە وتەی سەرۆکی لقی سلێمانیی سەندیکاکە، ئەو هۆبەیە تەنیا لە لقی سلێمانیدا هەیە.
“ژن هەیە گێچەڵی سێکسی پێکراوە، هەیە بەبێ هۆ دەرکراوە، هەیە پارەی خوراوە و کەیسی جۆراوجۆر هاتوونەتە ئەو هۆبەیە و کاریان بۆ دەکرێت”، چالاک رەئوف وای وت.