خانەقین و شەهرەبان لەژێر هێڵی هەژاری دان
+964
راژان ماجد – خانەقین
شەهرەبان و خانەقین دوو شارە کوردییەکەی خانەقین خرایە هێڵی هەژارییەوە. وەزارەتی کارو کارەباری کۆمەڵایەتی عێراقی دەڵێ: لە دیالە رێژەی هەژاری زۆر هەڵکشاوە.
وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی حکومەتی عێراق، رووپێوێکی مەیدانی لە پارێزگای دیالە ئەنجامدەدات بۆ پێداچوونەوە بە لیستی ئەوانەی کۆمەکی مانگانە لە وەزارەتەکە وەردەگرن.
لە ئەنجامی رووپێوەکە، دەرکەوتووە ئەوەی وایکردووە پارێزگای دیالە بە گشتی و خانەقین و شەهرەبان بکەونە هێڵی هەژاری، تێكچوونی باری ئەمنی، گۆڕانكارییە سیاسییەكان، نەبوونی كەرتی تایبەت و لەناوچوونی ناوچە كشتوكاڵییەكانە، ئەمانە بە هۆكاری زیاد بوونی رێژەی هەژاری دەستنیشان کراون.
بەپێی ئاماری پێشتری وەزارەتەکە بێت، پێشتر لە دیالە 64 هەزار خێزان تۆمار کراون کە بەپێوەری وەزارەتەکە ئەوانە لە هێڵێ هەژاریدا دەژین و پێویستییان بەو کۆمەکە مانگانەیە هەیە.
تیمێکی وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی عێراق، رووپێوێکی نوێی کردووە، بۆیان دەرکەوتووە رێژەکە زۆر زیادی کردووەو هەردوو شاری خانەقین و شەهرەبان کە دوو دەڤەری کوردیین لە سنووری پارێزگای دیالە، چوونە ریزی پێوەرەکانی هێڵی هەژاری.
خالد عزیز، بەڕێوەبەری پاراستنی كۆمەڵایەتی پارێزگای دیالە بە +964ـی وت: رێژەی هەژاری لە دیالە بە گشتی بەرزبوونەوەیەكی ئێجگار زۆری بە خۆیەوە بینیوە، زیاتر لە 64 هەزار خێزان دەگرێتەوە مانگانە کۆمەکی وەزارەت وەربگرن.
زیکرا عەبدولرەحیم، بەڕێوەبەری گشتی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی قسەی بۆ +964 کردووەو دەڵێ: رێژەی هەژاری لە خانەقین گەیشتووەتە 34٪، لە شەهرەبانیش رێژەکە زۆرە.
زیاتر وتی “ئەمە وایکردووە بڕیار بدەین زیاتر لە خانەقین بمێنینەوە”.
خانەقین بە ئاوی ئەڵوەند و پرتەقاڵ و خورما بەناوبانگەو ژمارەی دانیشتووانەکەی زیاتر لە 150 هەزار کەسە، هەروەها شەهرەبانیش کە بە هەنارەکەی بەناوبانگەو ژامرەی دانیشتووانی زیاتر لە 10 هەزار کەسە، کەچی ئێستا بووەنەتە دوو شاری هەژارنشین.