رێنمایی ژینگەییان جێبەجێ نەکردووە

هۆشداری دەدرێتە 25 مۆلیدەی سنووری پارێزگای هەڵەبجە

964+

پێشەوا محەمەد

25 مۆلیدەی سنووری پارێزگای هەڵەبجە پابەندی رێنماییە ژینگەییەکان نەبوون، فەرمانگەی ژینگەی پارێزگاکەش 10 رۆژ مۆڵەتی داونەتێ بۆ جێبەجێکردنی رێنماییەکان.

لیژنەی مۆلیدە ئەهلییەکانی فەرمانگەی ژینگەی هەڵەبجە نووسراوی بۆ سەرجەم مۆلیدەکان کردووە، کە ژاوەژاو، دوکەڵیان نەبێت و دیواری بلۆکیان بە چواردەوری مۆلیدەکەدا هەبێت و رۆن و پیسیش بڵاونەکەنەوە.

رێبین نوورەدین، سەرۆکی لیژنەی مۆلیدە ئەهلییەکانی فەرمانگەی ژینگەی هەڵەبجە بە 964ـی راگەیاند، ئەو مۆلیدانەی رێنماییان نییە هەریەکەیان سەرپێچییەکیان هەیە و سەرجەمیان ئاگادارکراونەتەوە.

وتیشی، “حەوت رۆژ کاتیان ماوە و بەشێکیان بەدەم جێبەجێکردنی رێنماییەکانەوە هاتوون”.

لە سنووری هەڵەبجە، خورماڵ و بیارە و تەوێڵە 56 مۆلیدەی ئەهلی بوونیان هەیە.

“ئەگەر مۆلیدەکان لەو وادەیەی دیاریکراوە پابەند نەبن، ئەوا لیژنەکە سکاڵایان لەسەر تۆمار دەکات و رەوانەی دادوەر دەکرێت و سزای مادیش دەدرێت”، ئەوەش قسەی رێبین نوورەدینە.

دەستەی ژینگەی هەرێم سزای سەرپێچیی مۆلیدە ئەهلییەکانی دیاری کردووە، بە پێی زانیارییەکانی دەستەکە، سزای سەوزنەکردن یان لەبری سەوزنەکردن 300 بۆ 500 هەزار دینارە، ئەگەر مۆلیدەیەک ژاوەژاوی هەبێت سزاکەی 500 هەزار دینارە و ئەگەر دوکەڵ بکات ئەوا ملیۆنێک یان ملیۆنێک و 500 هەزار دینار سزاکەیەتی.

هەر بە پێی سزاکانی دەستەکە، ئەگەر مۆلیدەیەک زەوییەکەی کۆنکرێت نەکرابێت 500 هەزار دینار سزای هەیە، ئەگەر دیواری بۆ نەکرابێت ملیۆنێک و ئەگەر چواردەوری مۆلیدەکەش بە رۆن و گازوایل پیس بووبێت، ئەوا 500 هەزار بۆ ملیۆنێک دینار سزا دەدرێت.

هەر خاوەن مۆلیدەیەکی ئەهلی دەبێت دانەیەکی یەدەگی هەبێ...

هەر خاوەن مۆلیدەیەکی ئەهلی دەبێت دانەیەکی یەدەگی هەبێت