کێڵگەی غازی کۆرمۆر _ وێنە: Dana Gaz
سەرچاوەیەک: بەرهەمهێنانی غاز دەستیپێکردووەتەوە
تانکەرەکانی غازی ماڵان بۆ چوونە کۆرمۆر ئامادە دەکرێن
ئەحمەد مستەفا
دەنگوباسی دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنانی غاز لە کۆرمۆرەکەی چەمچەماڵ بوو بە راست، سەرچاوەیەکی بەرپرس لە هێنان و بردنی غازی ماڵان بە 964ی وت، “ئامادەکاری دەکەین تانکەرەکان بنێرین بۆ کۆرمۆر، تا دەست بکەن بە هێنانی غازی ماڵان بۆ کارگەکان”.
ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 30.4.2024، کاتژمێر 7:26 خولەک، ئەو سەرچاوە بەرپرسە لە سلێمانییەوە قسەی بۆ 964 کرد و وتی، “لە ئێوارەی ئەمڕۆوە، کارەکانی بەرهەمهێنانی غاز لە کێڵگەی کۆرمۆر، لە ناحیەی قادر کەرەمی قەزای چەمچەماڵ، دەستیپێکردووەتەوە، تا سبەی چوارشەممە تانکەرەکان دەستدەکەن بە هێنانی غازی ماڵان بۆ کارگەکان و دابەشکردنی بەسەر گەڕەکەکاندا ئاسایی دەبێتەوە”.
ئەو دەستپێکردنەوەیە، هاوکاتە لەگەڵ رەزامەندنی بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق، کە رەزامەندیی لەسەر نووسراوێکی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دابوو، بۆ جێگرەوەی غازی کۆرمۆر، رۆژانە بڕی 720 تۆن غاز (هەولێر 300 تۆن، سلێمانی 260 تۆن و دهۆک 160 تۆن) بۆ هەرێمی کوردستان بنێرن، بەڵام ئەو بڕیارە چلەی نەچوو، کۆرمۆر نیشانەی ئامادەبوونەوەی لەسەر زاری بەرپرسی عێراقی کۆمپانیای دانە غازی ئیماراتی راگەیاند بۆ دەستپێکردنەوە بە کاری بەرهەمهێنان.
کاتژمێر 7:15ی رۆژی هەینی رابردوو، درۆنێک خۆی کێشا بە بەشی کۆگای نەفتا لە کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە ناحیەی قادرکەرەم، کاتژمێرێک دواتر بەهۆی وەستانی پرۆسەی ناردنی غاز لە کێڵگەکەوە، هەر حەوت یەکەکەی وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبای غازیی هەولێر کوژانەوە و بەرهەمهێنانی غازی LPGی ماڵان راوەستا.
رۆژی 27.4.2024، کەمال محەمەد وەزیرى کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیاندراوێکدا وتی، “بە هەوڵى تیمەکانیان توانیویانە قەرەبووى بەشێکى زۆرى زیانەکانى کەمبوونەوەى 2 هەزار و 500 مێگاواتى بەرهەمهێنانى کارەبا بکەن و ئاستى بەرهەمهێنان بگەیەنن بە هەزار و 600 مێگاوات”.
بە قسەى ئەوکاتی وەزیرى کارەبا، “توانیبوویان قەرەبووى بەشێکى زۆرى زیانەکانى کەمبوونەوەى 2 هەزار و 500 مێگاواتى بەرهەمهێنانى کارەبا بکەن و ئاستى بەرهەمهێنان بگەیەنن بە هەزار و 600 مێگاوات و رێگایان نەدا كووژانەوەی گشتی لە سیستمی كارەبا رووبدات”، ئەوەش سەرەڕای خستنەوە کاری وێستگە کارۆ ئاوییەکانی دوکان و دەربەندیخان بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا.