سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نامەیەکی تایبەتدا:

کورد بڕوای بە دەسەڵاتدارانی عێراق نەماوە و گەرەنتی دەوێت

964+

ژووری هەواڵ

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان نامەیەکی دوورودرێژی بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی نووسیوە، لە چەند شوێنێکی نامەکەدا باسی هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت چەسپاندنی سیستمی فیدراڵی و دابەشکردنی دادپەروەرانەی داهات لەو ئەرکانەن دەبێت بە جدی کاری لەسەر بکەن.

ساڵی رابردوو ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی داوای لەنەتەوە یەکگرتووەکان کردبوو کە هەڵسەنگاندنێک بکەن بۆ کاری تیمی یونامی لە عێراق، بەتایبەتی پاش ئەوەی چەند جارێک لە ناوخۆی عێراقەوە ناڕەزایی دژی ئەو تیمەی نەتەوە یەکگرتووەکان خرابووە روو، لەسەر ئەو بڕیارە سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان ڤۆڵکەر پێرتسی راسپاردبوو سەرکردایەتی تیمێکی سەربەخۆ بکات بۆ پێداچوونەوە بە کارەکانی یونامی.

هەموو ئەوەی تیمەکە لە ئۆکتۆبەری رابردووەوە تائێستا پێی گەیشتووە، لە راپۆرتێکدا کۆکراوەتەوە، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بە نامەیەکی 30 لاپەڕەیی وردەکارییەکەی بۆ سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ناردووە.

964 کۆپییەکی نامەکەی دەستکەوتووەو لێرەدا هەندێ لە خاڵە گرنگەکانی بە پوختی دەخاتە بەرچاو:

– تیمەکە لە ماوەی کارەکەیدا بەغداو هەولێرو سلێمانی و موسڵ و کەرکوک و رەمادی و بەسرە گەڕاوەو لەگەڵ بەرپرسانی بەغدا و هەرێمی کوردستان و نوێنەرانی کۆمەڵگای مەدەنی کۆبووەتەوە.
– نوێنەرانی لایەنە سیاسییە کوردییەکان و عەرەبە سوننەکان و کەمایەتی و نوێنەرانی کۆمەڵگای مەدەنی دوودڵن لە قایمی و توندوتۆڵی دامەزراوە دەوڵەتی و ئەمنییەکان، بۆیە مانەوەی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بە گەرەنتییەک دەزانن بۆ بەشداریکردن لە بەڕێوەبردنی وڵات و پێدانی مافەکانیان.
– ماناوەی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان کەشی گفتوگۆ دروست دەکات لە دۆخێکدا کە بێ متمانەیی لە ناو هێزەکان دروست بووە.
– کاتی قەیرانەکان هەموو هێزەکان پەنایان بۆ نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بردووە، بەڵام ئێستا هەندێ لە هێزەکان رەخنە لە کارەکانی دەگرن.
– نابێ هیچ تیمێکی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هەتا هەتایی بمێنێتەوە، چونکە ئەوە وادەکات هێزە لۆکاڵییەکان خۆیان نەتوانن بڕیار بدەن.
– خشتەیەک دابنرێ بۆ کشانەوەی تیمەکە، بەڵام لەگەڵ ئەو خشتەیەدا چەند کارێک هەبێت دەبێ هاوتەریب بیکات، چونکە ئەگەر تەنیا خشتە بێت و ئەرک دیاری نەکرێت، ئەوە هەندێ لە هێزەکان کات دەکوژن تا دەگەنە کۆتایی وادەکە.
– باشتر لە ئایاری 2026 نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان کارەکانی رادەستی دامەزراوە نیشتیمانییەکانی عێراق و تیمی هەرێمایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بکات، بەڵام بە مەرجێک تا ئەو کاتە ئەم پرۆسانە ئەنجام بدرێت:
+ هەڵبژاردنێکی بێ کێشە و گرێ و گۆڵ ئەنجام بدرێت و دان بە ئەنجامەکاندا بنرێت.
+ ئەنجومەنی نوێنەران بە دەستوردا بچێتەوە، سیستەمی فیدراڵی بچەسپێت و دامەزراوەکان کاری خۆیان بکەن.
+ هەرێمی کوردستان و بەغدا بگەنە رێکەوتن لەسەر دابەشکردنی دادپەروەرانەی داهات و لە چوارچێوەی یاسای نەوت و غاز کێشەکانیان چارەسەر بکرێت.
+ دەستە سەربەخۆکان بە ڕاستی سەربەخۆ بن.
+ چارەنووسی شوێنبزرەکان بدۆزرێتەوە

کورد بڕوای بە دەسەڵاتدارانی عێراق نەماوە و گەرەنتی دەوێت

نەتەوە یەکگرتوەکان: هۆشداری کۆمەڵکوژی دەدات

نەتەوە یەکگرتوەکان: هۆشداری کۆمەڵکوژی دەدات