حاسڵاتی پارچەکانی کوردستان و عێراق

کۆبانێ حاڵەتی ئامادەباشی راگەیاند و لە حەسەکەش 10 کەس بریندار بوون

964+

ژووری هەواڵ

محەمەد متنیر پەرلەمانتاری پێشووی پارتی دادو گەشەپێدانی تورکیا رایگەیاند، هەڵبژاردنی شارەوانییەکان پێوەر بوو بۆ ئەوەی تێبگەین دەنگی کوردەکان لەدەست دەدەین، ئێستا هەوڵێکی جدی هەیە بۆ ئەوەی کورد دەنگ بە ئەردۆگان نەدەن.

دەسەڵاتی لۆکاڵی کۆبانێ لە خۆرئاوای کوردستان رایگەیاند لە ئەمڕۆوە تا دوو مانگ حاڵەتی ئەوپەڕی ئامادەباشی راگەیەندراو ئامادەسازی کراوە بۆ پاراستنی بەروبوومی دانەوێڵە لەئەگەری کەوتنەوەی ئاگر، لەم دۆخە نوێیەدا هێزە ئاگرکوژێنەوەکان و شارەوانی و ئاسایش 24 کاتژمێر تیمەکانیان ئامادە دەبێت.

لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەنگە نارەزایەتییەکان هەڵکشاون، ناڕەزایی ئەمجارە لەسەر دەرچوونی سزای لە سێدارەدانە بۆ توماج ساڵحی گۆرانیبێژی راپەر کە لە خۆپیشاندانەکانی ژن ژیان ئازادی دژی دەرکەوتووە، ئەم ناڕەزاییانە دوای ئەوە هات کە رۆژی 24ی ئەم مانگە پارێزەرەکەی توماج رایگەیاند توماج دەبوو بەرە لێخۆشبوون بکەوتایە، بەڵام دادگا سزای لەسێدارەدانی دەرکردووە.

میدیاکانی نزیک لە پارتی کرێکارانی کوردستان دەڵێن: رۆژی چوارشەممە یەکی ئایار لە ناوخۆی تورکیا و لە پایتەختە بەناوبانگەکانی جیهان خۆپیشاندانی گەورە ئەنجام دەدەن و داواکاری سەرەکیشیان ئازادکردنی ئۆجەلانە.

لە رۆژئاوای کوردستان و بە دیارکراوی لە حەسەکە شەوی رابردوو کەسێک بۆمبێکی دەستی فڕێداوەتە ناو پرسەیەکەوەو 10 کەس بریندار بوون، هەندێ سەرچاوە دەڵێن کەسەکە بەهۆی کێشەیەکی خێزانییەوە ئەو کارەی کردووە، بەڵام هێشتا هێزە ئەمنییەکان هیچیان نەوتووە.

ئەمڕۆ لە بەغدا لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عێراق لەگەڵ رۆژنامەنووسان کۆبووەوەو بەپێی بەیاننامەیەکی سەرۆکایەتی کۆمار، بە میدیاکاران وتراوە هەموو کات دەرگای کۆشکی سەلام کراوە دەبێت بۆ دەستکەوتنی زانیاری.