بۆچی خۆپیشاندان بەردەوامە؟
پاش بەڵێنەکانیش خۆپیشاندەرانی پێنجوێن نەچوونەتەوە ماڵەکانیان
964+
کامیار کەمال – پێنجوێن
دەستەی رێکخەرانی خۆپیشاندانەکانی پێنجوێن دوای راگەیاندنی خۆپیشاندان و داخستنی رێگا بەڕووی بارهەڵگرەکانی باشماخ و سەیران بەن، کۆبوونەوەیەکیان لەگەڵ بەرپرسانی ئیداری سلێمانی بۆ رێکخرا و “چەند بەڵێنێکیان پێدراوە”.
بە وتەی یەکێک لە رێکخەرانی دەستەی خۆپیشاندانەکان بێت، “داواکاری پێدانی کارەبای 24 کاتژمێری کارەبا دوای چەند داواکارییەکی دیکە بووە”.
ئەمڕۆ یەکشەممە 28.4.2024، رێبین عومەر ئەندامی دەستەی رێکخەری خۆپیشاندانەکان بە 964ی وت، “لەگەڵ بەرپرسی نوسینگەی سلێمانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، جێگری پارێزگای سلێمانی و بەڕێوەبەری کارەبای سلێمانی کۆبوونەوەیان ئەنجامداوە و بەڵێنیان پێدراوە، جگە لە جێبەجێکردنی حەوت داواکاری، لە زووترین کات کێشەی کارەبای پێنجوێن چارەسەر بکەن”.
ئەو بەڵێنانەی دراوە بە دەستەی رێکخەرانی خۆپیشاندان:
1- نۆژەنکردنەوەی تۆڕی ئاوی پێنجوێن.
2-تەواوکردنی پرۆژەی رێگای خێرای باشماخ.
3- قیرتاوکردنی پردی رێگای گەرمک.
4- چاککردنی جاددەی پێنجوێن – کەولۆس ٤٥کم.
5- بەدواداچوون بۆ کێشەی پەیمانگای تەکنیکی پێنجوێن و چارەسەرکردنی.
6-نۆژەنکردنەوەی تۆڕی کارەبای پێنجوێن.
7- نوژەنکردنەوە و قیرتاوکردنی کۆڵانەکانی پێنجوێن.
بە قسەی رێبین عومەر بێت، “لەگەڵ چاککردنی گرفتی کارەبا بەڵێنیان پێدراوە، تۆڕی ئاوی قەزای پێنجوێن نۆژەنبکرێتەوە و بە تێکڕا، 15 کیلۆمەتر رێگە قیر بکرێت”، ئاماژەی بەوەشکرد، “چاوەڕێن بەڵێنەکان جێبەجێ بکرێت و خۆپیشاندانیش تا گەڕانەوەی کارەبای 24 کاتژمێری و جێبەجێکردنی بەڵێنەکان، بەردەوامی دەبێت”.
ساڵی رابردووش لە مانگی یەک، ماوەی چوار رۆژ خەڵکی پێنجوێن لەناو سەرما و بەفری قەزاکە دژی بڕینی کارەبا خۆپیشاندانیان ئەنجامدا.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا