وەزارەتی كار داوای راگرتنی یاسایەکی پەرلەمان دەكات

میدیازان- كوردستان ئەحمەد- هەولێر

وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی داوا لە پەرلەمانی كوردستان دەكات هەمواری یاسای چاودێری نێوجەوانان هەڵبوەشێنێتەوە،لەبەر ئەوەی ‘یاساكە لەگەڵ یاسا نێودەوڵەتییەكانی و مافی گەنجاندا ناگونجێت’.

رۆژی ٣٠ی ئازاری ٢٠٢١ بیست پەرلەمانتار پرۆژە یاسایەکیان پێشکەشی سەرۆکایەتی پەرلەمان کردووە بەناوی پێشنیازە هەمواری یاسای چاودێری نەوجەوانان.

دوان لەخاڵە دیارەکانی ناو پرۆژەکە بریتین لە جیاکردنەوەی سیستەمی چاکسازی نەوجەوانان لەسیستەمی چاکسازی گەوران، هەروەها پێویستە سزا لەسەر نەوجەوانان لەسەرجەم کەیسەکان لەلایەن دادوەری نەوجەوانانەوە ببینرێت’.

ئێستا وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی دژی ئەو پرۆژەیەیەو داوا دەکات رابگیرێت بەو هۆکارەی ‘یاساکە پێشێلی مافی منداڵی تێدایە’.

كوێستان محەمەد وەزیری كارو كاروباری كۆمەڵایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە میدیازانی وت ‘هەموو هەوڵێكی خۆمان خستوەتە گەر بۆ ئەوەی یاساكە هەڵبوەشێتەوە لەبەرئەوەی بەگشتی ئەم یاسایە پێچەوانەی مافەكانی منداڵە و لەگەڵ یاسا نێودەوڵەتییەكاندا ناگونجێت’.

 لەبارەی دیارترین سەرنجەکانیانەوە وەزیری کار دەڵێت ‘یەکێک لە گرفتەكانی ئەم یاسایە ئەوەیە كە باس لە تەمەنی منداڵ دەكات ئەگەر هەر منداڵێك ١١ ساڵی تەمەنی تەواو نەكردبێت و تاوان ئەنجام بدات ئەوا بە تاوان بۆی هەژمار ناكرێت و لەكاتی ئەنجامدانی تاوانەكەدا سكاڵای لەسەر تۆمار ناكرێت’.

“وەزارەت ناڕازییە لەوەی کاتی نوسینەوەی پرۆژەکە نوێنەری ئەوان ئاگادار نەبووە.”

یاسای چاودێری نێوجەوانان لە ساڵی ١٩٨٣ دەرچووە و لە ساڵی ٢٠٢٢ هەموار كراوەتەوە، ئەو دەقە هەموارکراوەیە کە وەزارەت لەگەڵی نییە.