وێنەیەکی ئەرشیفی هێرشکردنە سەر کۆرمۆر
لیژنەکەی بەغدا رۆیشتنەوە
راپۆرتی هێرشکردنە سەر کۆرمۆر دەدرێتە سوودانی
پێشەوا محەمەد
ئەو لیژنەیەی لە بەغداوە سەردانی کێڵگەی کۆرمۆری کرد لە چەمچەماڵ گەڕانەوە، سەرچاوەیەکی ئاگادار بە 964ـی وت، راپۆرتێکیان ئامادە کردووە و دەیدەنە سەرۆکوەزیرانی عێراق.
کاتژمێر 6:45 خولەکی ئێوارەی دوێنێ هەینی، بە درۆن هێرش کرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە قەزای چەمچەماڵ و بەو هۆیەوە چوار کارمەندی خەڵکی یەمەن، کە لە کێڵگەکە کاریان دەکرد گیانیان لە دەست دا و دوانی دیکەش بریندار بوون.
هەر ئەو شەوە حکومەتی عێراق بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی دا و نیوەڕۆی ئەمڕۆ گەیشتنە چەمچەماڵ بۆ لێکۆڵینەوە لە هێرشەکە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە هاتنی لیژنەکە بۆ چەمچەماڵ، کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە 964ـی راگەیاند، لیژنەکە چوونەتە کێڵگەکە و هەڵسەنگاندنی خۆیان کردووە و راپۆرتێکیان ئامادە کردووە.
ئەو سەرچاوە ئاشکراشی کرد، چەند کەسێکی ئەمنیی هەرێمیش لەگەڵ لیژنەکە بەشداریی لێکۆڵینەوەکەیان کردووە، بەڵام راپۆرتەکە ئاشکرا نەکراوە و راستەوخۆ دەدرێتە محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق.
کێڵگەی غازی کۆرمۆر کەوتووەتە ناحیەی قادرکەرەم لە قەزای چەمچەماڵ و ناوبەناو هێرشی دەکرێتەسەر.