گروپێکى نۆ کەسى بوون

ناسنامەى ئەو کەسە ئاشکرا بوو کە لە سنورى شێنێ و گۆڕە شێردا گیانى لەدەستدا

964+

وریا فەتاح

دوانیوەڕۆى ئەمڕۆ، لە سنورى نێوان شێنێ و گۆڕەشێر کە خاڵى جیاکەرەوەى سنورى نێوان هەرێمى کوردستان و ئێرانە کەسێکى بیانى گیانى لەدەستدا.

سەرەتا لە رێى سەرچاوەیەکى ئەمنى قەڵادزێوە وا بە 964 گەیەنرا کە ئەو کەسەى گیانى لەدەستداوە، بەرەچەڵەک بەنگلادیشییە و لە چۆمى نێوان شێنى و گۆڕەشێردا خنکاوە.

رابەر حەسەن، وتەبێژى پۆلیسى راپەڕین بە 964ـى وت،”ئەو کەسەى گیانى لەدەستداوە ناوى عەبدول مەجید نیامۆت،ـە و خەڵکى نەیجیریایە”.

بە وتەى رابەر حەسەن، ئەو کەسە لەگەڵ گروپێکدا بووە کە نۆ کەس بوون، حەوت کەسیان بەنگلادیشى بوون و دوو کەسیان نەیجیرى بوون و سەرجەمیان لەلایەن پۆلیسى قەڵادزێوە دەستگیرکراون.

تائێستا نازانرێت ئەو کەسە لە ئاودا خنکاوە یان هەڵدێراوە، بەقسەى وتەبێژى پۆلیسى راپەڕین بێت، چاوەڕێى پزیشکى دادن تا یەکلایى بکاتەوە.

ئەو کەسانە ویستویانە بە قاچاغ لە دیوى ئێرانەوە بێنە هەرێمى کوردستان، تەنانەت لە دیوى ئێرانیش هەر قاچاخ بوون.

هەردوو ناوچەى گۆڕەشێر و شێنێ خاڵی جیاکەرەوەی سنووری نێوان هەرێمی کوردستان و ئێرانە، ئەو ناوچەیە شوێنی پەڕێنەوەی ئەو کەسانەیە کە دەیانەوێت بە قاچاخ بێنە ناو هەرێمی کوردستانەوە یانیش بەپێچەوانەوە بچنە ئێران.

رۆژی 22.4.2024 هاوڵاتییەکی خەڵکی چوارقوڕنە کە لە ئەوروپاوە گەڕابویەوە لەهەمان شوێن کەوتە ناو ئاوەکە و خنکا.

کەسێک لە ئاوى نێوان شێنى و گۆڕەشێردا خنکا

کەسێک لە ئاوى نێوان شێنى و گۆڕەشێردا خنکا