هەولێکە بۆ رێگریکردن لە کەوتنەوەى ئاگر
هەر دوکاندارێک پەردە هەڵبواسێت سزا دەدرێت
964+
وریا فەتاح
لەسەر راسپاردەى سەرۆکى شارەوانى هەولێر، لە مەودوا هیچ دوکاندار و کاسبکارێک نابێت لە دەرەوەی دوکانەکەی پەردە هەڵبواسێت و مێز و کەل و پەلەکان لەسەر شۆستەکان دابنێت.
کارزان عەبدول هادى، سەرۆکى شارەوانى هەولێر بە 964ـى وت،”لەپێناو بەرژەوەندی گشتی و جوانترکردنی سیمای شار و پاراستنی سەرو ماڵی کاسبکاران و مەترسیەکانی دروستبوونی ئاگر کەوتنەوە، بڕیارمانداوە بە رێکخستنەوەى سەرجەم بازاڕ و دوکانەکان”ز
بڕیارەکە ئەوەیە، دوکاندار نابێت پەردە هەڵبواسێت و دانانى مێز و کەلوپەلیش لە بەردەم دوکانەکان قەدەغەیە”، سەرۆکى شارەوانى هەولێر واى وت.
هەرچەندە ناوە ناوە بڕیارى لەم شێوەیە دەردەکرێت، بەڵام پاش ماوەیەک وەکخۆى لێدێتەوە، بە وتەى کارزان عەبدول هادى، ئەمجارە جیاوازە و تیمەکانیان بەردەوام بەدواداچوون دەکەن و هەر دوکاندارێک پابەند نەبێت سزاى دەدەن.
یەکێک لە هۆکارەکانى تەشەنەکردنى ئاگرەکەى لەنگەى، هەڵواسینى پەردە و هێنانە دەرەوەى کەلوپەلەکان بوو لەلایەن دوکاندارەکانەوە، بۆیە شارەوانى هەولێر دەیەوێت بەم هەنگاوە هەم سیمایەکى جوان بە بازاڕ بدات و هەمیش مەترسى ئاگرکەوتنەوە کەم بکاتەوە.