وێنە-سۆشیاڵ میدیا-سلێمانی
داوای داخستنی قومارخانەکانی سلێمانی دەکرێت
توانا نەقی – هەولێر ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە نوسراوێکدا بۆ داخستنی قومارخانەکانی پارێزگای سلێمانی، واژوویان کۆکردووەتەوە. لە نووسراوەکەدا، كه كۆپییهكی لای 964+ ههیه، 14 ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، لەسەر ئەو بنەماییە داوایان کردووە قومارخانەکان دابخرێن، کە بوونەتە هۆی لێکهەڵوەشاندنەوەی چەندان خێزان و دروستبوونی کێشەی کۆمەڵایەتی و دیاردەی خۆکوشتن. محەمەد شێخ وەهاب، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە 964+ی راگەیاند، لە سلێمانی چەند قومارخانەیەک ههن، داوامان کردووە له رێگهی پارێزگاوه دابخرێن، بۆ ئهمهش له سهرۆكایهتی ئهنجومهنی پارێزگاوه نووسراومان كردووه و ئاراستهی پارێزگای سلێمانیمان كردووه. ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، ناوی چهندان جێگەی قوماری لە شاری سلێمانی بە 964+ وت، بەڵام نەویست جارێ ئاشکرا بکرێن، تا لیژنەی بۆ دروست دەکرێت. “ئەوەندەی ئێمە ئاگاداربین و بەدواداچوونمان کردووە، هاوڵاتییەکی زۆر بەهۆی قومارکردنەوە مایەپووچ بوون”، محەمەد شێخ وەهاب وای وت.