بەڕێوەبەری گشتیی دامەزراوەکە

هیوا مەحمود عوسمان نهێنیی سەرکەوتنی 964 ئاشکرا دەکات

964+

ژووری هەواڵ

هیوا مەحمود عوسمان، بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی 964 روون و رەوان هەموو شتێکی لەبارەی سیاسەتی نووسینی 964ەوە خستە روو، ئەو کۆد و شێوازانەی شیکردەوە، کە رووماڵی رووداوەکانی پێ دەکرێت.

دووەم ساڵە لەسەر یەک تۆڕی 964 دەبێتە هاوبەشی میدیایی دامەزراوەی مەدا لە پێشانگای نێودەوڵەتی کتێب لە هەولێر، دامەزراوەی مەدا پاشکۆیەکی تایبەتی هەیە بە کتێبخانەکە، هیوا مەحمود عوسمان لە چاوپێکەوتنێکی ئەو پاشکۆیەدا باسی ئەوە دەکات ئاخۆ 964 خەریکی چییە و دەیەوێت بە چی بگات.

”لە کارکردنی ساڵێک و زیاتر تێگەیشتین خەڵکی ئێمە هەواڵی گەڕەکی کوران و سەهۆڵەکە و نرخی بامێ لە بەغدا و موزیکی ئەفریقی لە بەسرەی بەلاوە گرنگترە لە شەڕە دەنووک و ململانێ سیاسییەکان، کە وەک درامایەکی تورکی بێزارکەریان لێهاتووە”، ئەمە بەشێک بوو لە قسەکانی هیوا عوسمان.

ئەمە پوختەیەکە لە قسەکانی هیوا مەحمود عوسمان بەڕێوەبەری گشتی تۆڕی 964 لە چاوپێکەوتنەکەیدا:

– ئێمە خۆمان بە بەشێک دەزانین لەو پرۆژە رۆشنگەرییەی مەدا گرتویەتیە ئەستۆ، پرۆژەیەک بە رادەیەکی زۆر نوێنەرایەتی کۆمەڵگای مەدەنی دەکات لە عێراقدا، هەر لەبەر ئەو هۆکارەیە بووینەتە هاوبەشی میدیایی پێشانگای کتێب.

– بەشدارییەکەی ساڵی رابردوومان بۆ ئێمە زۆر گرنگ بوو، چونکە سەرەتای دەرکەوتنی 964 بوو، ئەمەمان بە دەرفەت زانی بۆ زیاتر خستنە پێشچاوی پلاتفۆڕمەکان، لەنێوان ئەم دوو پێشانگایەدا لەگەڵ مەدا چەندین کاری دیکەی هاوبەشیمان هەبوو، بابەتە لۆکاڵییەکانی 964 بوونە سەرچاوەی هەرە گرنگ بۆ ئەو پەڕەیەی رۆژنامەی مەدا کە بۆ هەواڵی لۆکاڵی تەرخانکراوە.

– هەر لەسەرەتاوە لەگەڵ تیمی نوسینی 964 لە گفتوگۆ و مشتومڕێکی قوڵدا بووین، دواجار گەیشتینە ئەو بڕوایەی هێڵی نوسینی ئێمە دەبێت تەواو جیاواز بێت لە هەموو میدیاکانی دیکە، ئێمە بڕیارماندا خۆمان یەکلایی بکەینەوە بۆ هەواڵی لۆکاڵ لەسەرتاسەری عێراق و هەرێمی کوردستان، باس و خواسی رێگاوبانەکانی زاخۆ تا دەگاتە ماسییەکانی فاوو لەو نێوەندەشدا رێڕۆشتنی حوشتری خێڵە کۆچەرییەکانی سەماوە لە گرنگترین هەواڵەکان بوون بۆ ئێمە، چاومان بڕییە ئەو بابەتە رۆژانەییانەی خەڵک کە میدیاکانی دیکە فەرامۆشیان کردووە، بێگومان لەناو ئەمانەشدا رووداوە ئەرێنی و نەرێنییەکان وەک ئاوێنەیەک دەگوازینەوە، وەک چۆن باسی کەموکوڕییەکانمان کردووە، بە هەمان ئەندازە خاڵە گەشەکانمان لەیاد بووە، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندی هەیە بە گەنجە داهێنەرەکانمانەوە، پاش ماوەیەک لە کارکردن تێگەیشتین ئەم شێوازە لە رووماڵ بە لای خەڵکەوە جێی بایەخێکی زۆرە، تەنانەت زیاتر لە هەواڵە سیاسییەکان بەلایانەوە گرنگە، هەرچی پەیوەندی بە رووداوە سیاسییەکانیشەوە هەیە، ئەوە تەنیا رۆڵی چاودێرمان گێڕاوە، نەچوینەتە ناو وردەکاری ململانێکانەوە، ئەوەندەی پێویست بووە بۆ بەرچاوروونی باسمان کردووە.
– خۆمان بە ئەنقەست رووماڵی رووداوە سیاسییەکان ناکەین، تەنیا لە هەندێ دۆخی زۆر تایبەتدا نەبێت کە زانیومانە پەیوەندی بە ژیان و قووتی خەڵکەوە هەیە، لە کاتی هەڵبژاردندا ریکلامی بانگەشەی هیچ هێز و لایەن و کاندیدێکمان وەرنەگرت، بەشە کوردییەکەمان بەتەواوی خۆی بوارد لەوەو لە بەشی عەرەبیش گرنگیمان بە کاندیدە سەربەخۆکاندا، ئەوانەی لە ژێر ماشێنی بانگەشەی هێزە دەوڵەمەندەکاندا پلیشابوونەوە و دەیانویست لە رێی سندوقی دەنگدانەوە گۆڕانکاری بکەن.
– بەپێ ئەو داتایانەی دەست ئێمە گەیشتووە، ئیتر باس و خواسە سیاسییەکان وەک جاران بۆ خەڵک جێی بایەخ نەماوە، بەڵکو ئیتر خەڵک لەو زانیاریانە دەگەڕێت کە راستەوخۆ پەیوەندییان بە ژیانی خۆیەوە هەیە، وەک نرخی بامێ کە لەسەرەتای وەرز لە بەغدا بە 25 هەزار دینار بوو، لە سلێمانی و هەولێریش بە 45 هەزار دینار، ئێستا ئەم جۆرە چیرۆکانە بۆ خەڵک جێی سەرنجن.
– سیاسەتوانەکانی ئەمڕۆ وەک درامایەکی تورکیان لێ هاتووە، هەر خەریکی شەڕە دەنوک و ململانێ و تێکدانی میزاجی خەڵکن.
– تەنانەت لە هەڵبژاردنی پەیامنێرەکانیشماندا پەنامان بۆ ئەو رێگایە برد کە لەناو خەڵکەوە هەواڵدەر دروست بکەین و گەنجانێک کە حەز و خولیایان هەیە لەگەڵ ئێمە دەست پێ بکەن و وردە وردە گەشە بکەن.
– پێمان وایە تۆڕی 964 گەیشتووەتە ئەو ئامانجەی بۆ خۆی دانابوو، ئەویش پیشاندانی عێراق و هەرێمی کوردستان لە وێنەیەکی روونتردا.