پێتان دەڵێین

حاڵەتە گوماناوییەکە یارى کلاسیکۆ دووبارە دەکاتەوە؟

964+

وریا فەتاح

دواین کلاسیکۆ کە بەسەرکەوتنى ریال کۆتایى هات، مشتومڕێکى زۆرى لێکەوتەوە و هاندەران و رۆژنامەکان ناوبژیوانى یارییەکەیان بە چەند بڕیارێکى هەڵە تۆمەتبار کرد، تا واى لێهات سەرۆکى یانەى بارسێلۆنا “دووبارەکردنەوە”ـى یارییەکە بە گوێى جیهاندا بدات.

بەپێى یاساى تۆپى پێ، یارییەک دووبارە دەکرێتەوە لە ئەگەرى “بەهەڵە جێبەجێکردنى یاساکە”، وەک ئەوەى لە رێکارەکانی یەکێتی تۆپی پێی ئەوروپادا هاتووە، بارساش دەتوانێت پشت بەم دەقە ببەستێت ئەگەر سەلمێنرا ناوبژیوان گۆڵێکى بارساى هەژمار نەکردووە و تۆپەکە هێڵى گۆڵى بڕیوە.

بۆیە پرسیارى سەرەکى لێرەدا ئەوەیە، ئایا تۆپەکەى لامین یامال هێڵى گۆڵى بڕیوە؟، ئایە قسە و بۆچوونى شیکەرەوان بەسە بۆ ئەوەى بڕیار لەسەر ئەو بابەتە بدرێت؟، یان بۆچوونى دوو زەبەلاحەکەى کلاسیکۆ لەسەر بڕیارەکانى ناوبژیوان دروستە؟.

بەپێى لێدوانەکانى ژوورى ڤار، لەچەند گۆشەیەکەوە تۆپەکەیان بینیوە کە هێڵى گۆڵى نەبڕیوە، بۆیە بە ناوبژیوانیان وتووە فیکەى لێدانى گۆشە لە سودى بەرسا لێبدات، چونکە بەڵگەى سەلمێنەر نەبوو بۆ ئەوەى گۆڵ هەژمار بکرێت، بۆیە پێناچێت لیژنەى ناوبژیوانان لە ئیسپانیا ئەوە بخاتەڕوو کە تۆپەکەى یامال گۆڵ بوبێت.

رووداوی هاوشێوە لەم وەرزەدا

جگەل لە کلاسیکۆ، رووداوێکى بەناوبانگ لەم وەرزەدا روویدا، ئەوەش کاتێک لیڤەرپول بوو بە قوربانى بڕیارێکى نادادپەروەرانە لە یارییەکەى تۆتنهام، ئەم حاڵەتە جیاوازتر بوو لە حاڵەتەکەى کلاسیکۆ، چونکە تیمى ناوبژیوانانى یارییەکە دانیان بە هەڵەکەدانا کە گۆڵێکى رەوا و دروستى لیڤەرپولیان بەبیانوى ئۆفسایدەوە رەتکردووەتەوە.

سەرەڕاى ئەوەى دواتر دانى پیانرا کە گۆڵەکەى لیڤەرپوڵ دروستبووە، هەر بۆیە لیژنەى ناوبژیوانان بە دواى لێبوردن لە لیڤەرپووڵ بابەتەکەى داخست و یارییەکە دووبارە نەکرایەوە.

بۆیە جگە لەوەى حاڵەتەکەى کلاسیکۆ کە بەسەر دوو بەرەدا دابەشبووە، هەندێک پێیانوایە گۆڵێکى دروستبووە لە بەرامبەریشدا چەندین ناوەندى شیکەرەوە و میدیایى خستویانەتەڕوو کە بڕیارەکەى ناوبژیوان لە جێى خۆیبووە و تۆپەکە هێڵى گۆڵى نەبڕیوە، لیژنەى ناوبژیوانان و یەکێتى تۆپى پێى ئیسپانیاش تا ئێستا قسەیەکى دروستیان لەسەر حاڵەتەکە نیە کە تۆپەکەى یامال هێڵى گۆڵى بڕیبێت، بۆیە ئەگەرى بەهێز ئەوەیە ئەو قسەیەى لاپۆرتاى سەرۆک، تەنها وەک دروشمێک بمێنێتەوە و یارییەکە دووبارە ناکرێتەوە.

"گۆڵەکەی بارسێلۆنا %100 دروست بوو"